کوڕ و کچێک لە دیواندەرە کۆتاییان بەژیانی خۆیان هێنا

13:02 - 10 سەرماوەز 2714
ئاژانسی كوردپا: كچ و كوڕێكی دیواندەرەیی لە دوو رووداوی جیادا و بە هۆی خۆهەڵواسینەوە كۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، شەوی رابردوو رێكەوتی ٨‌ی سەرماوەز تەرمی كچێكی تەمەن ٢٨ ساڵ لە ناوچەی دیواندەرەو بە هەڵواسراوی لەناو ماڵەكەی خۆیاندا دۆزراوەتەوە.

هەتا ئێستا هۆکاری خۆکوژیی ئەو کچە تەمەن ٢٨ ساڵەیەی خەڵكی گوندی زەفەرئاوا لە شاری دیواندەرە روون نەبۆتەوە.

هەر لەو پێوەندییەدا و هەمان ڕۆژ لاوێكی دیكەی دیواندەرەیی بەناوی مەهدی تەمەن ١٦ ساڵ لەرێگەی خۆهەڵواسینەوە كۆتایی بەژیانی خۆی هێناوە.

دایك و باوكی ئەو لاوە رایانگەیاندووە، شەوی یەكشەممە ئێمە بە مەبەستی سەردانی خزم و كەسەكان لەماڵ چووینەتە دەر و لەكاتی گەڕانەوەدا تەرمی مەهدیمان بە هەڵواسراوی بینیوە.

بەوتەی شایتحاڵان، ئەو لاوە تەمەن ١٦ ساڵەیە كەسێكی خەمۆكی و گۆشەگیر بووە.
مەهدی، کە کوڕی بنەماڵەیەکی هەژار و دەستکورت بووە، دانیشتووی گەڕەكی ئازادەگانی شاری دیواندەرە بووە.