کوشتنی گوماناوی هاووڵاتییەک لە مەریوان

14:53 - 13 رەشەمه 2715
ئاژانسی کوردپا: لە مەریوان تەرمی کەسێک کە ٩مانگ لەمەوبەر لە ڕێگای گەڕانەوە بۆ ئەو شارە، بێسەروشوێن بوو، دۆزرایەوە.

بە پێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ ناوەڕاستی ئەو حەوتوویە پلیس ڕایگەیاند کە تەرمی هاووڵاتییەکی تەمەن ٣٨ ساڵە بە ناوی فەرەیدوون ئەلیاسی لە دەوروبەری مەریوان دۆزراوەتەوە.

لەمەڕ ئەو ڕووداوە، هەواڵنێری کوردپا لە زاری خزمانی ئەلیاسی وتی: کۆتاییەکانی جۆزەردانی ئەمساڵ فەرەیدوون پاش بینینی کەسوکارەکەی لە گوندی بێسارانی سەربە شاری سەوڵاوا گەڕاوتەوە بۆ مەریوان.

فەریدوون ئەلیاسی کە بە ماشینی شەخسی خۆی گەڕاوەتەوە، نزیک بە ٩ مانگ لە چارەنووسی هەواڵێک لەبەردەستدا نەبوو.

لەئاکامدا ڕۆژی دووشەممە، دەی ڕەشەمە تەرمی ناوبراو لەنێو کەلێنی بەردێک کە شوێنی لێدان بە پاچە و چەقۆی بە لەشیەوە دیارە، دۆزرایەوە. ئەو هاووڵاتییە هەرلە ڕۆژی گەڕانەوە لە بێساران کوژراوە.

بە وتەی بنەماڵەی کوژراوەکە، مردنی فەرەیدون جێی گومانە چونکە ناوبراو هیچ ڕابردوویەکی خراپی نەبووە و لەبواری داراییشەوە مامناوەندی بوو.

لەم پێوەندیەدا هەاڵنێری کوردپا ڕایگەیاند کە ٢ کەس لە هاوڕێکانی فەرەیدوون لەلایەن پۆلیسەوە گیراون کە تۆمەتی قەتڵی ئەو هاووڵاتیەیان لەسەرە.

ڕۆژی ڕابردوو تەرمی ئەو هاووڵاتییە کە خاوەن ژن و منداڵە لە شوێنی لەدایکبوونی، بێساران لەناو خەڵکی ناوچەکە بەخاک سپێردرا.

پیاوکوشتن لە ئێراندا لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا زیادی کردووە بە چەشنێک کە هەژاری و بێکاری ڕەهەندێکی بەربڵاویان بەو دیاردەیە داوە.

\"29692.jpg\"