کوشتنی چوار سەر ئەسپ و دەس گرتن بە سەر کەلوپەلی کۆڵبەران

14:24 - 5 رێبەندان 2716
ئاژانسی کوردپا: لە ئەنجامی تەقە بەردەوامەکانی هێزە سنوور پارێزەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە کۆڵبەران و کاسبکارانی کورد، چوار سەر ئەسپی کۆڵبەران لە گوندی \"بسام\"ی شاری سەقز بە کوشت چوون.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژنسی هەواڵدەریی کوردپا، بۆسەی هەنگی سنووری لە ناوچەی \"بسام\"ی شاری سەقز، بوو بە هۆی کوژرانی چوار سەر ئەسپی کاسبکاران.

ئەو ڕووداوە، ئێوارەی شەممە ٢ی ڕێبەندان لە ناوچەی سنووری بسام ڕوویداوە.

ئاژانسی هەواڵی موکریان لەو بارەیەوە بڵاوی کردەوە کە؛ ٢٥ کۆڵبەر لە سنووری بسام دەکەونە بۆسەی هێزەکانی هەنگی سنوور و لە ئەنجامی تەقەی ئەو هێزانەدا چوار سەر ئەسپ بە کوشت چوون و هەروەها هێزەکانی حکوومەتی دەستیان بە سەر کەلوپەلی ئەو کۆڵبەرانەدا گرتووە.

بەپێی بەندی ئەلف لە ماددەی ٢ی یاسای قاچاخ، ئەگەر کەلووپەلی قاچاخ کە نرخەکەی لە ١ ملیۆن تمەن کەمتر بێت هیچ سزایەکی نییە و لە زۆربەی حاڵەتەکاندا ئەو کەلووپەلانەی کە کۆڵبەران هەڵی دەگرن لەو ڕێژەیە کەمترە کە ئەو سزایە بیانگرێتەوە، بۆیە دەبێ تەنیا کەلووپەلەکانیان زەوت بکرێت.