کورد و هەڵبژاردنی ١١هەمین خولی مەجلیسی ئێران

سەرەتای مانگی داهاتوو (٢ی ڕەشەمە)، پرۆسەی ١١هەمین خولی مەجلیس لە ئێران، لەو وڵاتە بەڕێوە دەچێت. هەتا ئێستا زۆربەی حیزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران، بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراو، هەڵویستی خۆیان سەبارەت بە پرۆسەی هەڵبژاردنی مەجلیس دەربڕیوە کە زۆربەی ئەو ڕێکخراوانە، سیاسەتی بایکۆت و داوای نەچوونە سەر سەندووقی دەنگدانیان لە هاووڵاتییانی کوردستانی کردووە.

لەو پەیوەندییەدا، ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا لەگەڵ ژمارەیەک کەسایەتییە سیاسییەکان و چەند کەسایەتیی  دیکە چەند وتووێژێکی پێکهێناوە کە سەرنجی خوێنەرانی ئاژانسی کوردپا بۆ ئەم وتووێژانە ڕادەکێشین.

دووهەم وتووێژی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لەگەڵ "ئەبووبەکر مودەڕسی" جیگری سکرتێری کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران

 ئاژانسی کوردپا: بە چاولێکردن لە رووداوەکانی سێ  مانگی ڕابردوو لە ئێران، بەشداریی خەڵکی لە یازدەهەمین خولی مەجلیس چۆن دەبێنیت؟

ئەبووبەکر مودەڕسی: لە دەورەکانی پێشوو، بەشێکی بەرچاو لە هۆکارەکانی بەشداریی خەڵک لە هەڵبژاردنەکان بەگشتی و هەڵبژاردنی مەجلیس بەتایبەت، بوونی تەوەهومی ئیسڵاحتەڵەبی بوو لە ئێران. ئەو کاڵفامییە تا ڕادەیەکی زۆر لە بزووتنەوە و ئاخێزی خەزەڵوەری ئەمساڵ و بەتایبەتی ڕووداوی خستنەخوارەوەی فڕۆکە موسافیرهەڵگرەکە نەما و ئەوە خۆی لە دروشمەکانی خەڵک لەسەر شەقام بینییەوە. بەشێکی بەرچاو لە خەڵک ئیتر هیچ باوەڕێکیان بە دوو فاقی ئوسولگەرا و ئیسڵاحتەڵەب نەماوە و سەرجەم ئەوەیان پێ گەمەیەکی ئەگەریش دەستکرد نەبێ، بێ بنەما و بێ ئاکامە. ئەوە خۆی کاریگەریی زۆری هەیە لەسەر بەشداریی کەمتری خەڵک لە هەڵبژاردنەکاندا. هۆکارێکی دیکەی بەشداریی کەمتر لە هەڵبژاردن ئەوەیە کە سەرجەم لە دوو ساڵی ڕابردوودا و بەتایبەتی یەک ساڵی ڕابردوو کە ڕێژیم هەم لەژێر گوشاری گەمارۆی ئامریکادایە و کەوتووەتە لێواری داڕمانی ئابووری و هەم پەرەسەندنی ناڕەزایەتییەکان کە لە سەرەوە ئاماژەمان پێکرد. جگە لەوانە کورتبوونەوەی دەستی ڕێژیم لە وڵاتانی دراوسێ و بە تایبەتی ناڕەزایەتی دەربڕینی بەشێکی بەرچاوی خەڵکی ئەو وڵاتانە بە دەستێوەردانەکانی کۆماری ئیسلامی ئەویش ڕاست لە ناو خەڵکی شیعەی ئەو شوێنانە، بە هەموو ئەو هۆکارانە داهاتوو و مانەوەی ڕێژیم لە بەرچاوی بەشی هەرە زۆری خەڵک کەوتووەتە ژێر پرسیار. سروشتییە نەبوونی متمانە بە مانەوەی ڕێژیم، ئومێد بە ئاکامەکانی هەڵبژاردنەکان زۆر کەم دەکاتەوە. دەبینین کە دوای ئیعتراز و هاتنی خەڵک بۆ سەر شەقام هەر زۆر زوو درووشمەکان ناوەرۆکی دژی سیستەم و دژی کەسی یەکەمی نیزام بە خۆوەوە دەگرن. وەک کۆبەندێک دەتوانم بڵێم ئومێد بە مانەوەی ڕێژیم کەم بووەتەوە و هیوا بە ڕووخانی زۆر بووە و لە هەمان کاتدا نفووز و کاریگەریی ئیسڵاحخوازان کەمتر بووەتەوە، هەموو ئەوانە وادەکەن کە بەشداری کەمتر و کەمتر بێت. تەنیا ئەوەی پێ زیاد دەکەم کە نابێ چاوەڕوانی ئەوە بکەین کە هیچ کەس بەشداری نەکات. هەمیشە و تەنانەت لە ڕۆژانی ئاخری تەمەنی ڕێژیمە دیکتاتۆرەکان بە کۆماری ئیسلامیشەوە ڕێژیمەکان توانایی ڕێکخستنی خەڵکی خۆیان تا ڕادەیەک هەر دەبێ. لە وڵاتانی وەک ئێران هەمیشە خەڵکانێک هەن کە چارەنووسی خۆیان بە مان و نەمانی ڕێژیم دەبەستنەوە. .لە لایەکی دیکەوە خەڵکانی ناوشیار و نائاگا لە باری سیاسییەوە هەن کە ئێستاش لەژێر کاریگەریی دامودەزگای پڕوپاگەندەی ڕێژیمدان. هەرچەند باسمان کرد، ڕێژەی ئەوانە زۆر کەم دەبێتەوە.

ئاژانسی کوردپا: نوێنەرانی مەجلیس له‌ ئێراندا چەند دەتوانن کاریگەری لەسه‌ر گرفت و بابه‌ته‌ سیاسییه‌کان له‌ ئێران دابنێن؟

ئەبووبەکر مودەڕسی: بە باوەڕی من پارلمانی کۆماری ئیسلامی هیچ کاتێک و بە ئێستاشەوە بەشێک لە حەل و چارەسەریی کێشە و گرفتەکان  نەبوو بەڵکوو خۆی یەکێک  لەو کێشە و گرفتانە بووە. ئەوەش ڕاستییەکەی، زۆر کەم دەگەڕێتەوە سەر کەسایەتیی نوێنەرانی مەجلیس. کێشەکە ئەوەیە ساختار و نەزمی سیاسی و دەسەڵات لە ئێران جۆرێکە کە مەجالێک ناهێڵێتەوە بۆ کاریگەریی دانانی مەجلیس لە چارەنووسی وڵات و کێشە و گرفتەکانی. بۆیە چ نوێنەرانێک لە مەجلیس بن، ئەوە جیاوازییەک لە کێشەکە دروست ناکات. مەجلیسی کۆماری ئیسلامی وەک دامودەزگایەکی یاسادانان، لەو جێگایەش سەربەخۆیە و قانون و یاسا دادەنێ، مەجلیسێکی کۆنەپەرستە و یاساکانی لەسەر بنچینەی هەڵاواردن و دژی مافی مرۆڤ بونیاد دەنێ، بۆیەش من دەڵێم مەجلیس خۆی کێشە و گرفتە و دژی خەڵکە و سەرجەم بەشێکە لە دامودەزگای سەرکوتی خەڵکی ئێران.

ئاژانسی کوردپا: پاش ٤٠ ساڵ هێشتا زۆر خاڵی‌ یاسای بنه‌ڕه‌ت و یه‌ک له‌وان به‌ندی ١٥ و هه‌روه‌ها به‌ندی ١٩ی ئه‌و یاسایه‌ جێبه‌جێ نه‌کراوه‌. ئایا حکوومه‌ت بۆ ڕاکێشانی خه‌ڵک بۆ سه‌ر سندووق ئه‌و ئیستفاده‌یه‌ ده‌کا که‌ له‌ ڕێگه‌ی هه‌ندێ کاندیده‌وه‌ باس له‌ جێبه‌جێکردنی ئه‌و خاڵه‌ پشتگوێخراوانه‌ بکا؟

ئەبووبکر مودەڕسی: ساختاری سیاسی و دەسەڵات و شێوازی بە کارهێنانی هێز و ئیدارەی کۆمەڵگا لە ئێران یاسامەند نییە، واتە ناچێتە ڕیزی ئەو دەوڵەتانەی دوای ئینقلابی سەنعەتی و سەرکەوتنی بیرۆکەی لیبرالیسم دامەزران و دەتوانین بە ناوی دەوڵەتی قانونمەدار (بە قەولی فارسی) یان دەسەڵاتێکی یاسامەند ناوزەدیان بکەین. ئەگەر نا سەداسەد بەڵام زۆربەی هەرە زۆری وڵاتانی دیکتاتۆری بە جۆرێک لە جۆرەکان بەعزە یاسایەکی نێو دەوڵەتی یان ددانپێدانان بە بەعزە مافێکی  شارۆمەندانیان لە یاسای بنەرەتیدا هەیە، بەڵام هیچ ئیلتزامێکی پێناکەن و زۆر بە ئاشکرا پێشێلی دەکەن و کەسیش لە شارۆمەندان بۆیان نییە ڕەخنە بگرن و یان دەنگی ئیعترازیان بەرز بکەنەوە. هێنانی ئەو بڕگانە لە یاسا بنەرەتییەکاندا زۆر جار بۆ ڕازاندنەوەی ویترینی دەسەڵاتەکانە نەک کارپێککردنیان.

سەبارەت بە برگەکانی ١٥ و ١٩ پێشەوتریش ئەوکارەیان کردەوە. موحسین ڕەزایی فەرماندەی بەدناو و پێشووی سپای پاسداران کاتێک کاندیدی سەرۆک کۆماری بوو ڕایگەیاند کە بۆ یەکەمین جار بەندەکانی ١٥ و ١٩ جێبەجێ دەکا، بەڵام هیچ کەس نە خەڵک و نە تەنانەت لایەنەکانی سەر بە ڕێژیمیش ئەو تەبلیغاتەیان بە هێند نەگرت. بەندی ١٥ واتە فێرکردنی زمانەکانی غەیرە فارسی لە زانکۆکان ئەوە نە مافە و نە خواستی خەڵکە. خواستی کورد فێربوون و خوێندنی زمانی کوردی نییە، خواستەکە خوێندن بە زمانی کوردییە. جگە لەوانە لە هەموو زانستگا گەورەکانی دونیا هەموو زمانەکان فێر دەکرێن. هەرچەند لە ئێران هیچ کات بە شێوەیەکی جیددی ئەوەش جێبەجێ نەکراوە. چارەنووسی بەندی ١٩ لەوەش سەیر و سەمەرەترە کاتێک باس لەوە دەکا کە نەتەوەکان لە ئێران بەرامبەر بە یاسا یەکسانن و کەس بەسەر کەسی دیکە سەروەریی نییە. لە بەرامبەردا دەبێ باس لەوە بکەین و وەبیر بخەینەوە کە لە ئێران هەڵاواردن و سەروەریی کەسانێک و یان گرووپێک بەسەر کەسان و گوروپی دیکە وەک موسڵمان بەسەر بەهاییدا و شیعە بەسەر سوننیدا لە قانووندا هاتووە و یاسا و دەسەڵات پشتی دەگرن و ئەو تەبعیزە جێبەجێ دەکەن. لە واقعدا کۆماری ئیسلامی وڵاتی هەڵاواردن و تەبعیز و مافکوژییە.

ئاژانسی کوردپا: سیاسەتی ئێوە بۆ هەڵبژاردن بەشداری کردنە یان بایکۆت، بۆچی؟

ئەبووبکر مودەڕسی: ئاشکرایە کە ئێمە هەم وەک ئەندامێکی ناوەندی هاوکاریی حیزبە کوردییەکان کە بایکۆتی هەڵبژاردنەکانی مەجلیسی کردووە و هەم خۆمان وەک کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لایەنگری بایکۆتی هەڵبژاردنین بە تایبەتی لەلایەن خەڵک لە کوردستان. کۆماری ئیسلامی و بە تایبەت دامودەزگای ویلایەت فەقیهـ و خودی خامنەیی بەردەوام ڕێژەی هاتنی خەڵک بۆ سەر سندووقەکانی هەڵبژاردنی وەک نیشانەیەک لە پشتیوانیی ئەو خەڵکە بۆ ڕێژیم و نیزامی سیاسی لە قەڵەم داوە. هەڵبەت ئەوە خۆی لە ناوخۆیدا ناراستە و هەر بەشداربوویەکی هەڵبژاردنەکان نابێ وەک لایەنگرێکی ڕێژیم بناسێندرێ. بەڵام پڕۆپاگەندەی ڕێژیم بە تایبەت بە مەبەستی کاریگەری دانان لە ناو دەوڵەتان و ڕای گشتیی نێونەتەوەیی لەسەر ئەو بیرۆکەیە زۆر کار دەکەن. بایکۆتی هەڵبژاردن لە لایەک ئەو چەکە تەبلیغاتییە لە ڕێژیم دەستێنێ و لە لایەکی دیکە بایکۆتێکی چالاک دەتوانێ کاریگەریی ڕۆحی و ڕەوانیی زۆری لەسەر هێزە سەرکوتگەری ڕێژیم دانێ و ڕەوتی داڕمانی ئەوان خێراتر بکات. سەرئەنجام نابێ ڕێگە بدەین جارێکی دیکە ئیسڵاحخوازانی حکوومەتی پێگەی خۆیان لە ناو جەماوەر پتەو کەن و بە بیانووی پڕوپوچ وەک هەڵبژاردنی خەراپ لە خەراپتر و شتی لەو چەشنە خۆڵ بکەنە چاوی خەڵکەوە.

ئاژانسی کوردپا: دوایین قسه‌یه‌ک گه‌ر هه‌تانبێ بۆ خوێنه‌ران؟

ئەبووبکر مودەڕسی: قسەی من بۆ خوێنەرانی هێژا ئەوەیە؛ چاوەڕوانی هەموومان و تەنانەت ئەو خەڵکانەی ڕەوتی ڕووداوەکان لە ئێران دەخەنە بەرچاوەدێری ئەوەیە کە کەمترین ڕێژەی خەڵک بەشدار بن لە هەڵبژاردنەکان. نە لە دەرەوە و ڕای گشتیی نێونەتەوەیی و نە لە ناوە لە ئێران و بە تایبەت لە کوردستان کەس هیوای بە مانەوەی کۆماری ئیسلامی نەماوە. ڕووخساری ڕێژیم زەرد و بێڕەنگ و مردووە، لەژێر گوشاری داڕمانی ئابووری و ناکارامەی پەلەقاژەیەتی. لە بەرچاوی خەڵک مەشروعییەت و ڕەوایی نەماوە و تەنانەت هونەرمەندانی ئێران ئامادە نین چی دیکە ئاهەنگەکان و پڕوپاگەندەی ڕێژیم بڕازێننەوە. ڕێژیم تەنیا بە پاڵپشتیی هێزە سەرکوتگەرەکانی خۆی لەسەر سەندەڵیی دەسەڵات هێشتووەەتەوە بەڵام داڕمانی ئەو هێزانەش دوور نییە. ئەوە چارەنووسی هەموو دیکتاتۆرییەکان و دەسەڵاتە سەرکوتگەرەکان و سەرەڕۆکان بووە. بایکۆتی هەڵبژاردن لەلایەن خەڵک ئەم ڕەوتە واتە ڕەوتی داڕمان خێراتر دەکات.