کورد و هەڵبژاردنی ١٤٠٠
ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٢٨ی جۆزەردان، ١٣ـەهەمین خولی هەڵبژاردنی سەرکۆماری و ٦ـەمین خولی هەڵبژاردنی شورای شار و گوندەکان لە حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، بەڕێوە دەچێت.
هەتا ئێستا حیزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات، سیاسەتی بایکۆت و بەشدارینەکردنی خەڵکیان لەو بەناو هەڵبژاردنانە لە پێش گرتووە و بە شێوەی ڕاستەوخۆ داوایان لە هاووڵاتییانی کورد کردووە، بەشداری لەو هەڵبژاردنانە، نەکەن.
لەو پەیوەندییەدا، ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لەگەڵ چەند کەسایەتییەکی سیاسی چەند وتووێژێکی ئەنجام داوە و ڕوانگە و بۆچوونی ئەو کەسانە لەمەڕ ئەو هەڵبژاردنانە، خستووەتە ڕوو.
وتووێژی یەکەم لەگەڵ " مامەند رۆژە" لێکۆڵەر و شرۆڤەکاری سیاسیی ماستەر لە زانستە سیاسییەکان – چوار تێز لەسەر جێئۆپۆلیتکی
ئاژانسی کوردپا: باشە دەڵێن حکوومەتی ئیسلامیی ئێران ئیستبدادییە، بۆچی هەڵبژاردن دەکات و مەبەست لەو هەڵبژاردنانە چییە؟
مامەند رۆژە: ئەگەر سەیری ساختاری ڕێژێم لە ئێران بکەین دەتوانین بێژین: "ڕێژێمێکی ئاوتۆکراتی تۆتالیتاریانە کە لەسەر دوو دنگەی سەرەکی دامەزراوە: دنگەی یەکەمی ئیسلامیەتی ڕێژیمە کە بەناوی ویلایەتی فەقیهـ پێناسە کراوە و ستادێکە و هیچ دەزگایەک ناتوانێ چاودێریی بکات، لێی بپرسێتەوە و بیگۆڕێت. دنگەی دووەمیش بەناو جمهورییەتی ڕێژیمە کە تاڕادەیەک دینامیکە و پشت بە هەڵبژاردن دەبەستێت. بەڵام پرسیارەکە ئەمەیە: هەڵبژاردنی کێ و چۆن؟ لێرە دەستوورەکە ئاشکرا ئەم بەشەشی کلک و گوێ کردووە. دەزگایەک هەیە بەناوی شورای نیگەهبان کە سەلاحیەتی تەواوی لە دیاریکردنی بەربژێرەکاندا هەیە. بەشێکی زۆر لە بڕیارەکانی ئەم دەزگایە (شەش فەقێ و شەش مافناس) پشت بە ڕاپۆرتی دەزگا ئەمنییەکان بەتایبەت دەزگای هەواڵگری و تارادەیەکی زۆریش پشت بە حوکمی حکومەتی و نیزارەتی ئیستسوابی ڕەهبەر و بەیتی ڕەهبەری دەبەستێت. لەمەشیاندا تەنها کەسانی سەر بە ڕێژیم دەتوانن لە بێژنگی ئەم دەزگایە بپاڵێورێن. ئەوەتا هەر ئێستا دەنگی ناڕەزایەتیی خودییەکانی دوێنێ لە بڕیارەکانی ئەم شورایە بەرز بووتەوە.
ئاژانسی کوردپا: لە هەڵبژاردنەکانی پێشوو کۆماری ئیسلامی پێداگری دەکرد کە خەڵک زۆرترین ڕێژەی بەشداری هەبێت، بەڵام لەم هەڵبژاردنە زۆر پێداگری ناکات، بەرداشتی ئێوە چیە؟
مامەند رۆژە: بە ڕای من ئێستاش ڕێژیم پێداگری دەکات، بەڵام دەشبێت هەندێک جیاوازیی هەبێت. من پێم وایە سەرکردەکانی ڕێژیم ئیستا زۆر لەوە نیگەرانن کە ڕێژەی بەشداریی خەڵک کەم بێت و تووشی قەیرانی ڕەوایی ئاشکرایان بکات. لەخۆرا نییە خامنەیی ڕاستەوخۆ دێتە مەیدان و ئیلتماس بۆ دەنگدان و بەشداریی خەڵک دەکات و دەپاڕێتەوە و تەنانەت دەلێ:" ئەوەی دەنگ نەدا موسڵمان نییە"! یەکێکی وەکوو ئەحمەدی نەژادیش دەلێ: ئەگەر ئەم زوڵمە پێوانەی موسڵمان بوون بێت من موسڵمان نیم.
ئاژانسی کوردپا: سەرەتا باس لەوە بکەن، ستراتیژیی ڕاگەیاندنەکانی کۆماری ئیسلامی چۆن دەبینن و کۆماری ئیسلامی چۆن کەڵک لە ڕاگەیاندن وەردەگرێت بۆ هەڵبژاردن؟ وڵاتانی دیکتاتۆر چۆن ئامرازەکانی ڕاگەیاندن و سیاسەتی ڕاگەیاندن دەخەنە خزمەت ئایدۆلۆژیی خۆیانەوە؟ بەتایبەتی لە کاتی پرۆسەکانی دەنگدان دان؟ ئایا هەوڵی دیکتاتۆرەکان لەو کاتانەدا سەرکەوتوو دەبێت؟ دەبێت لە بەرامبەردا چی ڕوو بدات کە ئەو هەوڵە سەرکەوتوو نەبێت؟
مامەند رۆژە: ئەوەتا دەیبینین کە ماسمیدیای ڕژێم بە هەموو توانای خۆیەوە هەوڵ دەدات بە بەرنامە تایبەتەکانی، جۆشوخرۆش لەناو خەڵکدا بەدیبهێنێت و شەپۆلی وا دروست بکات کە زۆرترین رێژەی بەشداربووان لە هەڵبژاردنەکاندا تۆماربکرێت. بەڵام ئەو سەردەمە کۆتایی پێهات کەوا ماسمیدیا تەنها بەدەست ڕێژیمە تۆتالیتاریان و ئاوتۆریتارییەکانەوە بێت. جاران تەنها دوڵەتەکان یاخود هۆڵدینگە زەبەلاحەکان دەیانتوانی ماسمیدیا بقۆزنەوە و بیخەنە خزمەت ئایدیۆلۆژیا و ئەجێنداکانی خۆیانەوە. لەدوای ئەوەی شۆڕشی دیجیتاڵی بەرپا بووە، کۆتایی بەو مۆنۆپۆلەش هاتووە. ئێستا دەتوانین بێژین سەردەم سەردەمی ((پەرسونال میدیا))یە. واتە میدیای شەخسیی ئێستا تەنگی بە ماسمیدیا زەبەلاحە کلاسیکەکان هەڵچنیوە.
یەک کەس بە تاقی تەنها و تەنها بە سمارتفۆنێک بەرهەڵستی ماسمیدیا زەبەلاحە کلاسیکەکان دەکات. کەس هەیە بەتاقی تەنها شەش ملیۆن بەردەنگ و موخاتەبی هەیە. ئیتر سەردەمی ماسمیدیای ئایدیۆلۆژی تێپەڕیوە و بە عالەمی ئاشکرا ماسمیدیای فەرمیی ڕێژیم لە بەرامبەر سۆشیال میدیا چۆکی داداوە، داڕماوە و بڕستی پێوە نەماوە. ئەوەتا خودی خامنەیی هاواردەکات کە ماسمیدیا رۆڵی خۆی ناگێڕێت!
ئەگەر بپرسین چی بکرێت بۆ ئەوەی ماسمیدیای ڕێژیم لەوە زیاتر پاشەکشێ بکات: دەتوانین بێژین پیویستە میدیای شەخسی لەوە زیاتر بقۆزرێتەوە و تەشەننە بکات. ئێستا لەرێی دیجیتاڵ میدیاوە قارەمانی نەتەوەیی وا پەیدا بوون کە لەناوەوە لەرێی سمارتفۆنەوە بەگژ دیکتاتۆری خامنەییدا دەچنەوە. بڕۆن سەیری کەسانی وەکوو محەممەدی نیشابووری هاوڵاتییەکی سادە و ساکار و شاعیرێکی وەکوو شەیدای هەمەدانی بکەن، بزانن چۆنچۆنی بەرەنگاری دەزگای ستەم وسەرکوت دەبنەوە. ئەم شۆڕشە دیجیتاڵییە پشتی ڕێژیم دەشکێنێ بێگومان. پێموایە هۆکاری ئەو شلکردنەی دواییش بۆ ئەم بابەتە دەگەڕێتەوە.
ئاژانسی کوردپا: ئایا دەکرێ بەوەی ئێستا لە راگەیاندنی حکوومەتی ئێران و سۆشیال میدیا و میدیای دژی حکوومەت دەگوزەری، ئەنجامی دەنگدان پێشبینی بکرێت؟
مامەند رۆژە: لە ڕاستیدا لەبەر ئەوەی ڕێژیمەکە دێموکراتی و تەنانەت نیوەدێموکراتیش نییە، ناشێ پێشبینیی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان بکرێت. ئێوە دەزانن کە لە نەریتە دێموکراتیکەکانی جیهاندا دەیان دەزگای جۆربەجۆر هەن کە سەرپەرشتی و چاودێری پرۆسەی هەڵبژاردنەکان دەکەن. بۆ نموونە ماسمیدیای ئازاد یەکێک لەمانەیە کە لە ئێران بوونی نییە. یاخود رێکخراوە ناحکومییەکانی چاودێری پاکی و شەفافیەتی پرۆسەی هەڵبژردنەکان کە لە جیهان هەن، لە ئێران نین و رێگە بە رێکخراوە مەدەنییەکانی دیتریش نادرێ رۆڵێکی ئەوتۆ لە چاودێریکردنی هەڵبژاردنەکاندا بگێڕن.
بۆ نموونە لە وڵاتە دیموکراتیکەکاندا کۆمپانیاکانی هەڵبژاردن و ڕاپرسی هەن کە لە ڕێی ڕاپرسی لەنیوان هەزاران هاووڵاتیدا دەتوانن نموونەیەک لە ڕای گشتی و ڕێژەی بەشداریکردن و ڕێژە و ڕادەی دەنگی لایەنەکان و بەربژێرەکان بەدەستەوە بدەن. بەڵام ئایا ئەم نەریتە لە ئیران هەیە؟ نەخێر. کە وابوو شیمانەکردن و گریمانەکاری دەمێنێتەوە. ئەویش لەم هەڵبژاردنەدا پێدەچێ کە کاندیدی فەرمی بەیتی ڕەهبەری لەئارادا هەبێ و ئەگەر هەیە چەند کاندیدێکی پۆششی بەسوودی کاندیدی فەرمی! لە پرۆسەکە بکشێنەوە. دەتوانین بێژین ڕێژیم پەلەپرووسکێی ئەوەیەتی کاندیدەکەی خۆی سەربخات بە هەر نرخێک بێت. بۆیە ئەم هەڵبژاردنە ڕسواترین هەڵبژاردنی ڕێژیمە کە هاواری لە سەرکردە خودییەکانی و باڵ و لاباڵەکانی ناو ڕێژیمیش هەڵساندووە و دەشێ شایەتی کۆمەڵێک رووداوی جیاوازیش بین.