کوردستان/ یادی ئوستوورەی شاخەوانانی کورد کرایەوە + وێنــە

16:01 - 24 خەرمانان 2713
ئاژانسی کوردپا: لە دەیەمن ساڵڤەگەڕی کۆچی دوایی محەممەد هەورازدا، ١٠ تیمی شاخەوانیی شاری نەغەدە بە سەرکەوتن بە چیای \"شروێ\"ی ئەو شارەدا یادی ئەو شاخەوانە کوردەیان بەرز راگرت.

بە پێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ رۆژی هەینی رێکەوتی ٢٢ی مانگی خەرمانان ، ٥٥ کەس لە ئەندامانی تیمە شاخەوانییەکانی شاری نەغەدە بە بۆنەی دەیەمین ساڵڤەگەڕی مردنی \"محەمەمد هەوراز\" کە یەکەم کورد و ئێرانییەک بوو کە بەسەر چیای \"ئێڤێرێست\"دا هەڵگەڕا، چیای \"شروێ\"ی شاری نەغەدەیان بڕی.

\"15322.jpg\"
محەممەد هەوراز
محەممەد هەوراز مانگی خەرمانانی ساڵی ١٣٤٨ لە شاری نەغەدە لە داوێنی باوکێکی کورد و دایکێکی ئازەری‌زمان جاوی بە جیهان هەڵێنا و ساڵی ١٣٨٢ لە کاتی هەڵگەڕان بە چیای \" گاشربرووم١ \" لە وڵاتی پاکستان بە هۆی هەرەسی کلیلە بەفرەوە بە توندی بریندار و سەرئەنجام رێکەوتی ١٦ی خەرمانانی هەمان ساڵ بەهۆی کاریگەریی برینەکانییەوە گیانی لەدەست دا.

لەم چالاکییەی رۆژی هەینی‌دا تیمە شاخەوانییەکانی \"سامڕەند، شاهۆ، زاگرۆس، سوڵتان یەعقووب، بێستوون، ئارارات، فەراز و ئەنجومەنی فەرهەنگی – هونەریی محەممەد هەوراز\" بەشدارییان کردووە.

هەروەها کۆمەڵێک لە شاخەوانانی شارەکانی مەهاباد، سنە، پیرانشار و شنۆ لە رێوڕەسمی یاد کردنەوەی محەممەد هەورازدا بەشدار بوون.

دەگوترێت کە ئەندامانی ئەو گرووپە شاخەوانییانە، ژینگە و سروشتی ناوچەی شروێ‌یان لە زبل و پاشماوە داماڵیوە.

\"15323.jpg\"
موقبیل هونەر پەژوو
هاوکات بنەماڵەی \"موقبیل هونەر پەژوو\"یش لە سەر گڵکۆی محەمەمد هەوراز ئامادەبوون و یادی ئەو ئوستوورە شاخەوانییەیان کردەوە.

موقبیل هونەر پەژوو ساڵی ١٣٦٢ لە شاری بۆکان لە دایک بووەو بە گەنجترین کەس دادەندرێت کە لە تەمەنی ١٩ ساڵیدا بە چیای \"لووتسە\"ی وڵاتی نیپاڵ‌دا سەرکەوتووە.

ئەو هاوڕێیەی محەممد هەوراز لە پاییزی ساڵی ١٣٨٦ی هەتاویدا لە کاتێکدا کە لە چیای بەردە زەردەی بۆکان سەرقاڵی راهێنان بوو، بەهۆی بەربوونەوە لە مەودای ٨ میتریی زەوی، بە توندی بریندار و سەرئەنجام لە مانگی خەزەڵوەری ئەو ساڵەدا لە نەخۆشخانەیەکی شاری ورمێ گیانی لەدەست دا.

سەرپەرستیی رێوڕەسمەکانی دەیەمن ساڵڤەگەڕی ئوستوورەی شاخەوانانی کورد، لە ئەستۆی خوسرەو ساوجبڵاغچی بووە.

وێنە: تۆفیق حاجی – جەماڵ رەزم

\"15324.jpg\"

\"15336.jpg\"

\"15333.jpg\"

\"15332.jpg\"

\"15329.jpg\"

\"15328.jpg\"

\"15327.jpg\"

\"15325.jpg\"

\"15326.jpg\"

\"15330.jpg\"

\"15338.jpg\"

\"15337.jpg\"

\"15335.jpg\"

\"15334.jpg\"