کوردستان/ ژن و پیاوێک کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێنا

22:09 - 7 پووشپەڕ 2717
ئاژانسی کوردپا: ژنێکی لاو تەمەن ٢٣ ساڵ خەڵکی یەکێک لە گوندکانی شاری دیواندەڕە سەر بە پارێزگای سنە هەوڵی خۆکوژی دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەرییە کوردپا، ڕۆژی یەکشەممە ٢٨ی جۆزەردان، ژنێکی لاو بە هۆی کێشەی بنەماڵەیی لە شاری دیواندەڕە ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا.

شوناسی ئەو ژنە هاووڵاتییە \"ش،م\" تەمەن ٢٣ ساڵ خەڵکی گوندی\"دەڕەگاوان\"ی شاری دیواندەڕە ڕاگەیاندراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، \"ش،م \" بە هۆی سەختی برینەکەیەوە ڕەوانەی نەخۆشخانەی شاری تەورێز کراوە و ڕۆژی دووشەممە ٥ی پووشپەڕ، بە هۆتی کاریگەربوونی برینەکانیەوە گیانی لە دەست دا.

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، ئەو ژنە لاوە خیزاندار و خاوەنی منداڵێکی ١٩ مانگە بووە و بە هۆی کێشەی بنەماڵەی لەگەڵ مێردەکەی پەنای بۆ خۆسووتاندن بردووە.

هەروەها، ڕۆژی سێ شەممە ٦ی پووشپەڕ، هاووڵاتییەکی کورد خەڵکی شاری ڕوانسەر بە هۆی کێشەی بنەماڵەکەی کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

شوناسی ئەو هاووڵاتییە بە \"حەمید موزەفەری\" کوڕی مەلا محەممەد ڕەشید تەمەن ٣٣ ساڵ بووە.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری ڕوانسەڕ بە ئاژانسی کوردپا ڕاگەیاند: حەمید موزەفەری دکتوری دەرمانساز بووە بە هۆی کێشەی لەگەڵ خێزانەکەیدا هەوڵی خۆکوژی داوە.

هەر لەو پەیوەندیەیدا، ڕۆژی یەکشەممە ٤ی پووشپەڕ، ژنێکی لاو، خەڵکی شاری سەردەشت بە هۆی کێشەی بنەماڵەیی لە ڕۆژی جێژنی ڕەمەزان‌دا ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری سەردەشت شوناسی ئەو ژنە کوردەی بە \"بێریڤان محەممەدی\" تەمەن ٢٣ ساڵ کچی جەعفەر ئایشە شیلانی لە گوندی\" بێورانی خوارێ\"، ڕاگەیاندووە.