کوردستان/ چالاکانی مەدەنی هەڕشە و مەترسی سیستەماتیکیان لەسەرە

21:12 - 19 رەشەمه 2715
ئاژانسی کوردپا: یەکێک لە چالاکانی مەدەنیی مەریوان بەهۆکاری زەختی هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات لەو شارە، وڵاتی بەناچاریی بەجێهێشت.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو، چەند ڕۆژ لەمەوبەر چالاکێکی مەدەنیی شاری مەریوان بەناوی شوعەیب دانشپەژووە بەبێ ویستی دڵخوازی خۆی، پەڕیوەی وڵاتێکی دراوسێ ئێران بووە.

ناوبراو لە وتووێژێکی کورتدا، \"گوشار و مەترسی گیانیی\" لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بە هۆکاری سەرەکی هاتنە دەروەوەی لە کوردستان ڕاگەیاند.
ئەو چالاکە مەدەنییە باس لەوەدەکات کە لەم سێ ساڵەی دواییدا چەندین جار بانگکراوەتە ناوەندە ئەمنییەکانی مەریوان کە دوا هەڕشە و بانگهێشت لە کۆتاییەکانی مانگی ڕێبەندانی ئەو ساڵ بووە.

\"29735.jpg\"
شوعەیب دانشپەژووە
شوعەیب دانشپەژووە جەخت لەسەر ئەوە دەکات کە پاش ڕێپێوانی خەزەڵوەری ١٣٩٢، هەڕەشە و گوشار بۆ چالاکانی مەدەنیی مەریوان ڕووی لەزیاد بوون کرد بە چەشنێک کە بچووکترین چالاکیی بەرەوڕووی دژکردەوەی ئیدارەی ئیتلاعات دەبوویەوە.

سەبارەت بە کەشی پێش هەڵبژاردنەکانی سەرەتای ڕەشەمە لە مەریوان و دەورووبەری، ئەو ئەندامەی ناوەندی فەرهەنگی ـ هونەریی ڤەژین گوتی: هەر بۆ خۆم ڕاستەوخۆ ئاگاداری بانگهێشت کردنی ١٨ کەس لە چالاکانی مەدەنی ئەو شارە بۆ ئیتلاعات بوومە.

زۆربەی هەرەزۆری ئەو بانگکردنە بە شێوەی پێوەندی تەلەفوونی دەکرێت.

لە وڵامی ئەو پرسیارەی هەواڵنێری کوردپا کە گۆیا لەم ماوەی سێ حەوتوویەدا چەندین کەس لە چالاکانی مەدەنی شاری مەریوان بەهۆکاری ئەمنی، ئێرانیان بەجێهێشتبێ، شوعەیب دانشپەژووە ڕوونی کردەوە کە ئەو ١٨ کەسه بە تەواوەتی لەلایەن هێزە ئەمنییەکان زەخت و هەڕەشەیان لەسەرە بەڵام لەبەر ئەوەی کە لە یەک مانگی ڕابردوو خەریکی هاتنەدەر لە سنوورەکانی ئێران بووم، ئێستا ناتوانم تەییدی ڕۆیشتنی هیچ کەسێکیدیکە بکەم.

ئەو لاوە تەمەن ٢٨ ساڵە لەدرێژەدا ڕایگەیاند: ئەمن وەک تاکەکەس لە ناسینی کار و کردەوەی ئیدارەی ئیتلاعات ئەزمونێکی باشم هەیە و دەزانم کە لە یەک ساڵی ڕابردوو دۆخێکی ئاوەهایان بۆ خوڵقاندم کە ئێتر دەرەتانی هێچ کار و هەڵوێستێکم نەمابوو.

لە ئێراندا کەشی سیاسی لە بەرەبەرەی هەڵبژاردنەکان تا ئاستێکی کەم کراوە دەبێ بەڵام لە دوای هەموو هەڵبژاردنێک زەخت و هەڕشە لەناکاو زۆر دەبێ کە ئەم دۆخە بۆ چالاکانی سیاسی، مەدەنی و ڕۆژنامەوانان چەند قات زیاتر دەبێت.

شوعەیب دانشپەژووە کە دەرچووی کاردانیی میکانیکی خودڕۆی لە زانکۆی کرماشانە، هیوابەستن بە کەشی دوای هەڵبژاردنەکانی ٧ی ڕەشەمە بە \"غەیرەواقعی\" لەقەڵەم دەدا و هەلومەرجی پاش و پێش هەڵبژاردنەکان بە نەگوڕ و بەردەوامی ڕێچکەی ٣٨ ساڵی ڕابردوو دەزانێ.