کوردستان/ نیشتەجێ بوون بۆ ٤٠ هەزار ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە

15:56 - 14 رێبەندان 2715
ئاژانسی کوردپا: لە شاری دێلۆران کەرستە و کەرپووچی هەزاران ساڵە دوزراونەتەوە کە دیاردەی نیشتەجێ بوون لە ناوچەی ئیلام بۆ زیاتر لە ٣٥ هەزار ساڵ لەوەبەر دەگەڕێنێتەوە.

بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دەرکەوتە کەونینەناسانەکان کە لە توێژینەوەی ماوەیەک پێش ئێستا وەدەست هاتوون، نیشان دەدات کە نیشتەجێ بوون لە دەشتی مووسییانی دێلۆران، نزیک بە ٤٠ هەزار ساڵ لەمەوبەر بوونی هەبووە.

ئەو کەرەستە بەردینانەی کە دۆزراونەتەوە و هەواڵەکەی لە هەواڵدەریی تەسنیم بڵاوی کراوەتەوە، بریتین لە؛ ڕووشێنەرەکان، کونکەرەکان، جێی کەرەستەکان و بەردینەکانی دایک و ...

بە وتەی بەرپرسی ئیدارەی میراتی کولتووریی و گەشتیاریی شارستانی دێلۆران، پێشتر وا دانرابوو کە پێشینەی ژیان و ژیار لەم ناوچەیە بۆ ٩ هەزار ساڵ دەگەڕێتەوە، بەڵام ئێستا سەلمێندراوە کە ئەم ژیوارە بۆ ٤٠ هەزار ساڵ لەوەبەر دەگەڕێتەوە.

توێژینەوە لەو ناوچەیە لە چەند ساڵی ڕابردوودا دەستی پێ‏کردووە و سەرپەرەشتیاریی هەڵکۆڵینەکانی ئەم دوایانەش، لە ئەستۆی خاتوو شەقایق هۆرشیدە.

هەر بەپێی توێژینەوەکان، مرۆڤ بۆ یەکەم جار لەم ناوچەیەدا، گەنم و جۆی چاندووە و ئاودێریی هەبووە و هەروەها گیانلەبەری وەک بزن و گامێشی بەخێو کردووە.

سەرەتای ئەم ساڵ، کەونینەناسێکی ئەمریکایی لە کۆبوونەوەیەک لە ئیلام‏دا ڕایگەیاندبوو کە؛ بە هۆی کشتوکاڵ و وەرزێری، حەشیمەت لەم ناوچەیە زیادی کردووە و سەرەتاکانی هاتنەدەری مرۆڤ لە ئەشکەوت و نیشتەجێ بوونی لە دەشتەکان، دەستی پێکردووە.

دەشتی دێلۆران زیاتر لە ٢٥٠ شوێن و گردی مێژوویی تێدایە و تەنیا ٨٠ شوێنی تۆمار کراوە.