کوردستان/ سێ ژن لە شارەکانی سنە و ڕوانسەر دەستبەسەر کران

21:12 - 25 جۆزەردان 2717
ئاژانسی کوردپا: هێزە ئەمنیەتییەکان لە درێژەی دەستبەسەر کردنی هاووڵاتییان لە پەیوەندیی لەگەڵ ڕووداوەکانی ئەم دواییانەی شاری تاران، سێ ژنی کوردیان لە کوردستان دەستبەسەر کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ڕۆژانی ڕابردوودا، سێ ژنی کوردی خەڵکی شارەکانی سنە و ڕوانسەر دەستبەسەر کراون.

تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان بڵاوی کردەوە که ڕۆژی یەکشەممە ٢١ جۆزەردان ژنێکی خەڵکی شاری شاهۆ بە ناوی\"فەریدە بەهرامی\" تەمەن ٣٢ ساڵ، لە لایەن هێزە ئەمنیەتییەکانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە.

هەر لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی دووشەممە ٢٢ی جۆزەردان، لە دوو گەڕەکەکانی\"کانی کوزەڵە\" و\"عەباس ئاوا\" هێزە ئەمنیەتییەکان هەڵیان کوتایە سەر ماڵی چەند هاووڵاتییەکی کورد ودوو ژنیان بە ناوەکانی\"سوهەیلا زەندی\" و\"نەسرین پڕشنگدار\" دەستبەسەریان کردن.

دەستبەسەرکردنی ئەو سێ ژنە هاووڵاتییە لە پەیوەندیی لەگەڵ گرووپە سەلەفی و وەهابییەکان بووە.

پێشتریش، هێزە ئەمنییەتییەکان لە شارەکانی پاوە،ڕوانسەر، سەردەشت، پیرانشار و ورمێ ژمارەیەک هاووڵاتییان لە پەیوەندیی لەگەڵ ڕووداوەکانی شاری تاران لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی حکوومەتەوە دەستبەسەر کراون.