کوردستان/ سێ هاووڵاتیی کورد کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێنا

15:42 - 28 پووشپەڕ 2715
ئاژانسی‌کوردپا: ئاماری‌خۆکوژییەکان لە نێو هاووڵاتییانی کورد لە پەرەسەندن دایە و لەو پەیوەندییەدا سێ هاووڵاتییانی کورد کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە.

بە پێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لەچەند رۆژی رابردوودا، کچێکی لاوی تەمەن ٢١ساڵە بەناوی\" چاوەرێ.ق\" خەڵکی ناوچەی سەردەشت لەرێگای خۆهەڵواسین کۆتایی بە ژیانی خۆ هێناوە و هەتا ئێستا هۆکاری خۆکوشتنەکەی روون نەبووتەوە.

دەوترێ، هەر کەو پێوەندییەدا کچێکی تەمەن ٢٤ساڵەی خەڵکی پیرانشاریش بەناوی \"س.و\" بە هۆی کێشەی بنەماڵەیەوە خۆی کوشتووە.

لە ماوەی کەمتر لە یەک مانگدا، ١٠ هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شاری سەردەشت هەوڵی خۆکوژیان داوە و لەو ١٠ کەسە چواریان لە هەولەکانیاندا سەرکەوتوو بوون.

لەکۆی گشتی ئەو ١٠کەسەی کە هەوڵی خۆکووژیان داوە، ٦ کەسیان خەڵکی گوندی \"قەلەرەشی\"شاری سەردەشتن.

لەلایەکی دیکەوە، هاووڵاتییەکی دیکەی کورد خەڵکی گوندی \"زمکان\" سەر بە شاری سەڵاس و باوەجانی لە رێگەی خۆهەڵواسینەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو هاووڵاتییە کوردە خێزاندار و خاوەنی دوو منداڵە.

هەژاری و دەستکورتی و کێشەی بنەماڵەیی بە هۆکارە سەرەکییەکانی خۆکوژیی دێنە ئەژمار.

لەوچەند مانگی رابردوودا ئاماری خۆکوژییەکان لە کوردستان بەرزبوونەیەکی بەرچاوی بە خۆیەوە بینیوە بەڵام لەو پێوەندییەدا ناوەندە حکوومەتییەکان هیچ هەڵوێستێکیان لەمەڕ هۆکارەکانی خۆکوژی و زیادبوونی ئاماری خۆکوژییەکان بڵاو نەکردووەتەوە.