کوردستان/ دەسبەسەرکردنی سێ هاووڵاتیی لە سنە و ئیلام

13:55 - 10 رەزبەر 2718
ئاژانسی کوردپا: هێزە ئیتلاعاتییەکان، سێ هاووڵاتیی کوردیان لە شارەکانی سنە و ئیلام دەسبەسەر کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی دووشەممە ٩ی ڕەزبەر، هێزە لیباس شەخسییەکانی سەر بە ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی دوو هاووڵاتیی کورد، بە ناوەکانی \"فواد و ئازاد ئەمجەدی\" لە شارەکی نەساجی و ئەو دوو برایەیان دەسبەسەر کردووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە لیباس شەخسییەکان بەبێ بەڵگەی یاسایی دەستیان کردووە بە پشکنینی ماڵی ئەو دوو هاووڵاتیی کوردە و دواتریش دەسبەسەریانیان کردووە.

ئەو سەرچاوەیە دەڵێت: دەسبەسەرکردنی ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە، بە هۆی بەشداریی لە مانگرتنی ماشینە بارهەڵگرە گەوەرەکان بووە.

لە لایەکی دیکەوە، ڕۆژی یەکشەممە ٨ی ڕەزبەر، هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری ئیلام، بە ناوی \"ئەحمەد شاهد\"، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کراوە و بۆ شوێنیکی نادیار ڕاگوێزراوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەوە بە ئاژانسی کوردپا رایگەیاند: ئەو هاووڵاتییە ئیلامییە کە ئەندامی ڕێکخراوی بەسیجی سپا بووە، بە تۆمەتی \"هاوکاریی لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران\"، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کراوە.