کوردستان/ دوو هاووڵاتیی کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێنا

14:39 - 12 رەشەمه 2716
ئاژانسی کوردپا: لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، دوو هاووڵاتی لە شارەکانی سنە و سەقز کۆتاییان بە ژیانی خۆیان ‌هێنا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی ٩ی ڕەشەممە، هاووڵاتییەکی سنەیی لە گەڕەکی پیر محەممەدی شاری سنە بە هۆکاری نادیار کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

شوناسی ئەو هاووڵاتییە هەتا ئێستا ڕانەگەیەنراوە.

هەر لەو پەیوەندییەدا دوێنی چوارشەمە، ١١ی ڕەشەممە، لاوێکی تەمەن ٢٠ ساڵە خەڵکی شاری سەقز هەوڵی خۆکوژی دا.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری سەقز شوناسی ئەو لاوە تەمەن ٢٠ ساڵەی بە ناوی\"سروش مەعرەفەت\" ڕاگەیاندووە.

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، خۆکوژی ئەو لاوە سەقزییە لە گەرەکی مێهری یەک سەرقەورانی فەلەکەی جامی، کاتژمێر ٥ی ئێوارە ڕوویداوە.

دەوترێ، سروش لە ڕیگای خۆهەڵواسینەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

هەنوکە هۆکاری خۆکوژی ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە ڕانەگەیەنراوە.
دەستکورتی و بێکاری و نەبوونی دەرفەتی کار و کێشەی بنەماڵەیی لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران، لە هۆکارە سەرەکییەکانی خۆکوژی لە نێو هاووڵاتییان هەژمار دەکرێن.

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یکه‌ ڕێژه‌ی خۆکوژی له‌کوردستاندا به‌رچاوه، نه‌ک هه‌ر هه‌نگاوی کرده‌یی بۆ سڕینه‌وه‌ی ئه‌م دیارده‌ دزێوه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌ هه‌ڵنه‌گیراوه‌، به‌ڵکوو له‌لایه‌ن ناوەندە په‌یوه‌ندیدارەکانی حکوومەتەوە زۆر جار حاشای لێ ده‌کرێت و لە ڕووماڵ کردنی ئەو دیاردەیە لە میدیاکان خۆدەبوێرن.