کوردستان/ تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکوومەتییەکان سێ کۆڵبەری کوردی کردە قوربانی

14:08 - 16 پووشپەڕ 2717
ئاژانسی کوردپا: هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە دوو ناوچەی کوردستان کۆڵبەرانی کوردیان دایە بەر دەستڕێژ و لە ئاکامدا سێ کۆڵبەر بە سەختی بریندار بوون.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شەوی ڕابردوو ١٥ی پووشپەڕ، هێزە ئینتزامییەکان جێگر لە پاسگای\"قەرەجەی\" نزێک لە کانی خوای شاری پیرانشار تەقەیان لە کۆڵبەرانی کورد کرد و دوو کۆڵبەری کورد لەو ڕووداوە دا پێکران.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری پیرانشار وێرای پشتڕاست کردنەوەیی ئەو هەواڵە، شوناسی ئەو دوو کۆڵبەرە کوردەی بە\"موحسێن ڕشە شیلانی\" کوڕی مەلا محەممەد و \"تاهێر\" ڕاگەیاندووە.

ئەو سەڕسەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی بۆ ئاژانسی کوردپا خستەڕوو، موحسین خێزاندارە و باوکی دوو منداڵەو خەڵکی گوندی\"دۆڵێ گای\" شاری پیرانشارە.

هەواڵنێری کوردپا لە درێژەی ئەو ڕاپۆرتە دادەڵێت: موحسین چەند گوللەیەک بەرپشتی کەوتووەو هەنوکە لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری پیرانشار لە ژێر چاودێری پزیشکی دایە.

\"\"
محەممەد خزرنێژاد
هەروەها لە هەواڵێکی هاشێوەی دیکەدا، تەقەی هیزە ئینتزامییەکان لە پاسگای کونە بەفرەی\" دۆڵەی بی\" شاری سەردەشت تەقەیان لە کۆڵبەرێکی کورد کردووە.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری سەردەشت، شوناسی ئەو هاووڵاتییە کوردەی بە\"محەممەد خزرنێژاد\" ناسراو بە ئوستاد محەممەد برۆە، ڕاگەیاندووە.

بەپێی وتەی ئەو سەرچاوەیە، لە ئەنجامی تەقەی هێزە ئینتزامییەکان لە پاسگای کونە بەفرەی شاری سەردەشت ئەو هاووڵاتییە کوردە لە بەرزایی ٤٠ مێتری بەردەبێتەوە و دەکەوێتە ناو شیوێک و بە سەختی بریندار دەبێت.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: ڕۆژی پێنج شەممە ئەو کۆڵبەرە کورد بۆ چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانەی خومینی لە شاری مەهاباد کراوە و هەتا کاتی بڵابوونەوەی ئەم هەواڵە ئەو کۆڵبەرە کوردە لە بێهۆشی درێژخایەن دایە.

چەند ڕۆژ پێش، کۆڵبەرێکی کوردی بە ناوی \"زورار محەممەدی\" کوڕی عەبدوڵڵا خەڵکی گوندی نەڵاس سەر بە شاری سەردەشت کە به هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکومەتی ئێران بریندار و دوای چەند ڕۆژ لە نەخۆشخانە گیانی لە دەست دا.

هەر لەو پەیوەندییەدا، شەممە ١٠ی پووشپەڕ، هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران لە شاری بانە تەقەیان لە ژمارەیەک کۆڵبەری کورد کرد و دوو کۆڵبەری کورد بە ناوەکانی\"واحید قادری\" کوری سەلام و \"ئارام ناسری\" لەو ڕووداوە دا بوونە قوربانی.

کۆڵبەر بە چین و توێژەکانی زەحمەتکێشی کوردستانی ڕۆژهەڵات دەوترێ کە لە ناوچە سنوورییەکان بە کاری کۆڵبەرییەوە خەریکن.