کوردستان/ تەقینەوەی گاز و ئاوی پیس، نزیکەی ٦٠ کرێکاری بریندار و ژەهراوی کرد

13:38 - 5 رەزبەر 2717
ئاژانسی کوردپا: بە هۆی تەقینەوەی کەپسوولی گاز لە بینایەکدا لە شاری شنۆ، ٩ کرێکار بریندار بوون.


بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی \"مێهر\" ڕۆژی سێشەممە ٤ی ڕەزبەر، تەقینەوەی کەپسوولی گازی پیک نیک لە یەکێک لە بینا نیوەکارەکانی شاری بریندار بوونی ٩ کرێکاری لێ کەوتەوە.

شوناسی ئەو کرێکارانە هەتا کاتی بڵاو بوونەوەی ئەم هەواڵە ناڕوونە.

بەپێی ئەو سەرچاوەیە، چوارکەس لەو کرێکارانە برینەکانیان زۆر کاریگەر نەبووە،
بەڵام پێنج کەسەکەی دیکە بە هۆی سەختی برینەکانیانەوە ڕەوانەی ناوەندی دەرمانی شاری ورمێ کراون.

ئەو کرێکارانە، کرێکاری بیناسازی بوون و لە شوێنی کارەکەیان تووشی ئەو ڕووداوە بوون.

هەروەها ٥٠ کرێکاری خەڵکی گوندی \"سوورخە مێهر\"ی شاری سەحنەی پارێزگای کرماشان بە هۆی پیس بوونی ئاوی خواردنەوە، ژەهراوی بوون.
سەرپەرەستی ڕێکخراوی فریاکەوتنی ئێران ڕایگەیاند: هۆکاری ژەهراوی بوونی ئەو کڕێکارانە خواردنەوەی ئاوی بیر بووە، کە تووشی ئێشی گەدە و ڕیخۆڵە بوون.