کوردستان ڕۆژ بە ڕۆژ میلیتاریزەتر دەبێت

14:10 - 7 رەزبەر 2718
ئاژانسی کوردپا: هێنانی چەکوچۆڵی قورس و نیوەقورس لە لایەن سپای پاسدارانەوە بۆ شارەکانی کوردستان لە چەند مانگی ڕابردوودا، کوردستانی ڕۆژهەڵاتی لەگەڵ زیاتر میلیتاریزەبوون بەرەوڕوو کردووە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی ڕابردوو، حکوومەتی ئێران چەند تانگ و کەرەستەی قورسی شەڕی ڕەوانەی شاری شائاباد لە پارێزگای کرماشان کردووە.

گواستنەوەی چەکوچۆڵ لە شارەکانی دیکە ئێران بۆ کوردستان لە لایەن سپای پاسداران و دامودەزگاکانی دیکەی حکوومەتییەوە، کوردستانی لەگەڵ ئەمنییەتیکردنی زیاتر بەرەوڕوو کردووەتەوە.

پاش دەستپێکردنی قوناغی نوێی خەباتی حیزبە کوردییەکان بە ناوی \"ڕاسان\"، حکوومەت لە ناوچە سنوورییەکان دەستی بە نۆژەنکردنەوەی پایگا کۆنەکان و ئاوەدانکردنەوەیان و ڕەوانەکردنی چەکوچۆڵی قورس بەتایبەت بۆ شارە سنوورییەکان کردووە.

هەر لەو پەیوەندییەدا، چەندین خاڵی پشکنینی لە نێوان جادەکانی کامیاران_سنە، سنە_مەریوان داناوە، کە ئەم کارە نیگەرانیی هاووڵاتییانی کوردی لێ کەوتووەتەوە.

حکوومەتی ئێران بە بیانووی چالاکیی حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران، ماوە بە ماوە مانوڕێکی نیزامیی لە کوردستان بەڕێوە دەبات، کە زیاتر لە ٢٠٠ هێکتار لە دارستان و لەوەڕگەکانی کوردستان لە ئاکامی ئەو \"ڕەزمایشەدا\" سووتان.

هەروەها حکوومەتی ئێران بنکە و بارەگاکانی حیزبی دێموکراتی لە ١٧ی خەرمانان، بە بیانووی چالاکی ئەو حیزبانە مووشەکباران کرد و لەم ڕێگەوە کوردستانی زیاتر لە جاران میلیتاریزە کردووە.

پاش هاتنە سەرکاری حکوومەتی ئێران هەتا ئێستا، ڕوانگەی ئەو حکوومەتە بە نیسبەت کوردستان، ڕوانگەیەکی ئەمنییەتی بووە.