کوردستانی ڕۆژهەڵات بە کەمپەینی \"زەماوەندی ئاڵا\" بە پێشوازی گشتپرسی سەربەخۆییەوە دەچن

15:57 - 31 خەرمانان 2717
ئاژانسی کوردپا: ژمارەیەک لە چالاکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات کەمپەینێکی پشتیوانی لە بەڕێوەچوونی گشتپرسی لە سەربەخۆیی کوردستان ڕێک خست.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ژمارەیەک لە چالاکانی مەدەنی کوردستانی ڕۆژهەڵات، بە رێکخستنی کەمپەینێک لە ژێرناوی \"زەماوەندی ئاڵا\" پشتیوانی خۆیان لە گشتپرسی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان دەربڕی.

چالاکانی مەدەنی داوایان لە خەڵک کردەوە، کە ئێوارەی ڕۆژی ٣ی ڕەزبەر، ڕۆژی بەڕێوەچوونی گشتپرسی سەربەخۆیی کوردستان بە شێوازی جۆراوجۆر دەست بە شایی و خۆشی بکەن.

لەو ڕاستایەدا بەڕێوەبەرانی کەمپەینی \"زەماوەندی ئاڵا\" بەرنامەی پێشنیارکراوی ئەو ڕێوەڕەسمەیان بەم شێوەیە بە خەڵک ڕاگەیاندووە

بەرنامەی پێشنیارکراوی بەڕێوەبەرانی کەمپەین بەم شێوەیە:
۱.بەکارهێنانی رەنگ و هێماکان
۲.کەڵک وەرگرتن لە ئاڵا
۳.لەبەر کردنی جل و بەرگی کۆردی بۆ ژنان و پیاوان و بە تایبەتی بۆ منداڵان
٤.رۆیشتنی بەکۆمەڵی ئۆتۆمبیلەکان
٥.هۆڕن یا سیگناڵی ( بوق ) لە سەر یەک و ساز کردنی هەندێک دەنگی سیمبۆلیک
٦.بەکارهێنان و بڵاوکردنەوەی موسیقای شادی کوردی لە ماڵان ( سرود بێ باشترە )
۷.بەکارهێنان و بڵاوکردنەوەی موسیقای شادی کوردی لە ئۆتومبێلەکاندا ( سرود بێ باشترە)
٨.کۆبوونەوەی بە کۆمەڵی بنەماڵەکان لە بەر درگای ماڵەکانیاندا
۹.کۆبوونەوەی دانیشتوانی گەڕەکەکان لە سەر کۆڵانەکاند
۱۰.کۆبوونەوەی لاوان لە گۆڕەپانەکان و دەربڕینی شادی
۱۱.هەڵکردنی هەموو ئامێر و سیستمەکانی رووناکی لە ماڵان، دوکانەکان و مۆڵەکان لە کاتژمێرەکانی دوای داهاتنی تاریکیدا
۱۲.دابەش کردنی گوڵ و شیرینی لە شوێن و شەقامە گشتییەکانی شار و گوندەکاندا
۱۳.راگرتنی چالاکییە ئابوورییەکانی بازاڕ بۆ ماوەیەکی کاتیی ۱۰ خولەکی
۱٤.داشکاندنی تایبەتیی نرخەکان لە لایەن کاسبکارانی بازاڕەوە
۱٥.دەست لە کار کێشانەوەی کرێکارانی کارگەکانی بەرهەمهێنان بۆ ماوەی یەک خولەک
۱٦.دابەش کردنی گوڵ و شیرینی لە ناوەندە پیشەسازی و خزمەتگوزارییەکانی وەک کارگەکان و نەخۆشخانەکان
۱۷.شایی و هەڵپەڕکێ لە بەندیخانەکاندا
۱٨.خوێندنی بە کۆمەڵی گۆرانییە شادە کوردییەکان لە نێو ئۆتومبێلەکانی هاتووچۆی گشتیی شارەکاندا
۱۹.کۆبوونەوەی خوێندکاران لە گۆڕەپان یا شوێنی سەرەکیی زانکۆکاندا
۲۰.سەردانی بنەماڵەی شەهیدانی کوردستان و پێشکەشکردنی گوڵ پێیان
۲۱.دوور کەوتنەوە لە هەر چەشنە تێکهەڵچوونێک لە گەڵ هێزەکانی حکومەت
۲۲.پێشکەش کردنی گوڵ و شیرینی بە هێزەکانی پۆلیس و ئاسایش

بەڕێوەبەرانی کەمپەینی \"زەماوەندی ئاڵا\" دەڵێن: \"سەرکەوتنی ڕێفراندۆم لە باشووری کوردستان ڕزگاریدەرە و بۆ کوردستانی ڕۆژهەڵات بە ئاکام گەیشتنی میراتی کۆماری کوردستان دەبێت\".

سەرەڕای دژایەتی توندی دەوڵەتی عێراق و داواکاری نێونەتەوەیی بۆ هەڵوشاندنەوە یان دوا خستنی گشتپرسی سەربەخۆیی کوردستان، حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند کە گشتپرسی بەپێی بەرنامەی دیاریکراو، ڕۆژی ٢٥ی سپێتامبر(٣ی ڕەزبەر) بەڕێوە دەچێت.

ئێران، تورکیە، یەکیەتی ئۆرووپا و ئامریکا دژایەتی خۆیان لە بەڕێوەچوونی گشتپرسی ڕاگەیاندووە و تەنیا دەوڵەتی ئیسرائیل لە ناوچەکەدا لەم هەوڵە پێشوازی کردووە.