کرێکارێکی کورد کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا

16:09 - 7 جۆزەردان 2717
ئاژانسی کوردپا: کرێکارێکی کوردی خەڵکی شارستانی دیواندەرە لە پێتەختی ئێران کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا

بەپێی هەواڵی گەیشتوو به ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٦ی جۆزەردان، کرێکارێکی کوردی خەڵکی شارستانی دیواندەرە، خۆی هەڵواسی و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

هەواڵنێری کوردپا لە دیواندەرە شوناسی ئەو کرێکارە کوردەی بە \"کامیل . ب\" تەمەن ٢٣ ساڵ، خەڵکی گوندی \"شەریف ئاوا\"ی سەر بە ناوچەی \"چل چەمە\"ی دیواندەرە ڕاگەیاندووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە باسی لەوە کرد؛ ئەو کرێکارە کوردە لە یەکێک لە کارگە پیشەییەکانی تاران کاری کردووە.

تا ئێستا پاڵنەری خۆکوژیی ئەو کرێکارە کوردە ڕوون نیه.

خۆکوژی لە ئێراندا و بە تایبەت لە کوردستانی ئێران، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ڕوو لە بەرزبوونەوەیە و بۆتە دیاردەیەکی سروشتی.

بێکاری، گیرۆدەبوون بە ماددە هۆشبەرەکان، کێشە کۆمەڵایەتییەکان بە هۆکارەکانی خۆکوژی ئەژمار دەکرێن.

ڕۆژنامەکانی ئێران لە دەستنیشان کردنی هۆکارەکانی خۆکوژی لەو وڵاتەدا خۆ دەبوێرن و پشکی شێری هۆکارەکانی ئەو دیاردە دزێوە بۆ بەرزبوونەوەی خەمۆکیی دەرئەنجامی گرفت و ئاستەنگە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان لەو وڵاتەدا دەگەڕێتەوە.