کرێکارێکی کورد پاش چەند مانگ گیانی لە دەست دا

21:47 - 23 جۆزەردان 2717
ئاژانسی کوردپا: کرێکارێکی کورد بە هۆی بەربوونەوە لە سەر دارگوێزێک پاش چەند مانگ گیانی لە دەست دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی یەکشەممە ٢١ی جۆزەردان، کرێکارێکی کورد خەڵکی یەکێک لە گوندەکانی سەر بە ژاوەڕۆی شاری سنە بە هۆی بەربوونەوە لە سەر دارێک پاش چەند مانگ گیانی لە دەست دا.

هەواڵنێری کوردپا شوناسی ئەو کرێکارە کوردەی \"ئەمجەد سوبحانی\" خەڵکی گوندی \"تەختە\" ڕاگەیاندووە.

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، ئەو کرێکارە کوردە، تەمەنی ٣٠ ساڵ بووە و ماوەیەکی کورتە ژیانی هاوبەشی پێکهێناوە، دوو ڕۆژ پێش لە نەخۆشخانەی شاری سنە گیانی لە دەست داوە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، ئەمجەد سوبحانی چەند مانگ پێش لە سەر دارگوێز بەردەبێتەوە و لە ماوەی ئەو چەند مانگەدا، لە نەخۆشخانەی شارەکانی تاران و سنە لە ژێرچاوەدێری پزیشکی دابێت.

ڕیژەی گیان لە دەستدانی کڕێکاران بە هۆی دڵنیا نەبوون لە ژینگەی کار لە تەواوی پارێزگاکانی ئێران ڕوو لە زیاد بوونە و ساڵانە نزیک بە ١٠ هەزار کەس لە ئێران بە هۆی ڕووداوی کار گیانیان لە دەست دەدەن.