کرێکارێکی کورد پاش خۆناساندن بە ئیتلاعاتی سنە، دەستبەسەرکرا

14:32 - 20 سەرماوەز 2714
ئاژانسی کوردپا: بە دەستبەسەرکردنی کرێکارێکی کورد لە سنە، ئاماری ئەو هاووڵاتییانەی کە لەمانگی سەرماوەزی ئەمساڵدا لەلایەن ‌ئەمنییەکانەوە لە کوردستان دەستبەسەر کراون، گەیشتە ١٧ کەس.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ پێنج‌شەممە، هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئیسلامی لە شاری سنە، لە رێگەی تەلەفۆنەوە هاووڵاتییەکیان بەناوی رێبوار عەبدوڵڵاهی بانگهێشتی ئیتلاعات کرد.

ئەو هاووڵاتییە کوردە، پاش خۆناساندن بە ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە، دەستبەجێ لەلایەن مەئموورانی ئەو ناوەندە ئەمنییەوە دەستبەسەر کرا.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری سنە رایگەیاند، چارەنووسی ئەو هاووڵاتییە دەستبەسەرکراوە روون نییە و هۆکاری دەستبەسەرکرانیشی بۆ بنەماڵەکەی روون نەبۆتەوە.

دەگوترێ، کە رێبوار عەبدوڵڵاهی کرێکار بووەو هۆکاری بانگهێشت کران و راگرتنیشی لە ناوەندە ئەمنییەکانی سنە روون نییە.

هەنووکە چارەنووسی دوو چالاکی کرێکاریی دیکەش بەناوەکانی فەردین میرەکی فەرزاد مواردی‌نیا، کەلە ئیتلاعاتی سنە لە دەستبەسەریدان، روون نییە.

فشاری ناوەندە ئەمنییەکان بۆسەر چالاکانی سیاسی، فەرهەنگی، کرێکاری و مەزهەبی لە کوردستان رووی لەزیادبوون کردووەو بەپشت بەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناونەدی ئەماری ئاژانسی کوردپا، تەنیا لە مانگی سەرماوەزی ئەمساڵدا ١٧ هاووڵاتیی کورد لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئیسلامییەوە دەستبەسەر کراون.