کرێکارێکی کورد لە ئەنباری سیلۆ گیانی لەدەست دا

20:44 - 17 بەفرانبار 2715
ئاژانسی کوردپا: کرێکارێکی کورد کە لە سیلۆی نموونەی شاری مەهاباد دامەزرابوو، کەوتە ناو لوولەی ئەنبارەکە و خنکا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ڕووداوێکی کار لە سیلۆی \"مسرور\"ی شاری مەهاباد، کریکارێکی کورد بە ناوی \"سابیر. ب\" تەمەن ٤٥ ساڵ، گیانی لەدەست دا.

ناوبراو لە کاتی خاڵی کردنی گەنمدا، دەکەوێتە ناو لوولەی بەتاڵ کردنی گەنمی ئەنبارەکە و ئەو ڕاووداوە بووتە هۆی بڕینی هەناسەی و گیانی لەدەست دەدات.

ئەو سیلۆیە بڕی ٧٥ هەزار تەن گەنم دەگرێت و نزیکەی ٤٠ کرێکار تێیدا کار دەکەن.

مردنی ئەو کرێکارەی سیلۆ، ڕۆژی ڕابردوو، ١٦ی بەفرانبار، بە سێهەمین ڕووداوی کار لە کوردستانی ئێران لە ماوەی حەوتووی ڕابردوودا، دەژمێردرێت.
پێشتریش کرێکارێکی کانزای بۆکان و کرێکارێکی شوێنی داڵدەدانی ئاژەڵەکانی زاگرۆس لە شاری کرماشان، بە هۆی ڕووداوی کارەوە گیانیان لەدەست دابوو.

لە ساڵی ١٣٩٣ی هەتاوی‏دا، ١٩٩٤ کەس بە هۆی ڕووداوی کارەوە گیانیان لەدەست داوە، ئەو ژمارەیە بە بەراورد لەگەڵ ساڵی پێشوو کە ١٧٩٤ قوربانی بووە، ١١% بەرزبوونەوەی بە خۆیەوە بینیوە.