کرێکارێکی کورد لە کاتی کار کردندا تووشی ڕووداو بوو

20:35 - 28 رەشەمه 2716
ئاژانسی کوردپا: کرێکارێکی کوردی خەڵکی شاری \"دێهلۆران\" سەر بە پارێزگای ئیلام، لە کاتی کار کردندا تووشی ڕووداوی کار بووە و گیانی لەدەستداوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا: سەرلە بەیانیی ئەمڕۆ ٢٨ی ڕەشەمە، کرێکارێکی کورد، خاوەنی بڕوانامەی گرافیک لە کاتی کار کردن لە بینایەکدا، بە هۆی بەربوونەوە لە بەرزایی گیانی لەدەستداوە.

بەپێی وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو ڕووداوە، ئەو کڕێکارە کوردە لە کاتی ڕەنگ کردنی دیواری دیوی دەرەوەی باڵاخانەیەک، بە هۆکاری ناڕوون بەردەبێتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی \"کوردستان فردا\"، ئەو کرێکارە کوردە خەڵکی شاری دێهلۆران بووە و لە کاتی کار کردندا، لە نهۆمی شەشەمەوە بەربووەتەوە.

هەر چەندە ئەو ماڵپەڕە شوناسی ئەو کرێکارە خاوەن بڕوانامەیەی بڵاو نەکردووەتەوە، بەڵام تەمەنی بە ٣٦ ساڵ ڕاگەیاندووە.

بەوتەی پزیشکی یاسایی شاری ئیلام، ئەو کرێکارە کوردە لە کاتی بەربوونەوە لە بەرزایی تووشی وەستانی کوتوپڕی دڵی بووە. سەرەڕای بریندار بوون و شکاویی هێندێک لە ئەندامەکانی جەستەی، هۆکاری مردنەکەی بە لە ناکاو ڕاوەستانی دڵی دانراوە.

ئەو کرێکارە خاوەنی بڕوانامەی گرافیک و چەند ڕشتەیکی هونەری بووە، کە بە هۆی نەبوویی کار و پیشە لە بەشی گرافیکدا، لە ڕێگەی کرێکارییەوە بژیوی ژیانی دابین کردووە.