کرێکارێکی کورد لە شاری تاران گیانی لە دەست دا

15:22 - 5 رەشەمه 2716
ئاژانسی کوردپا: کرێکارێکی کوردی خەڵکی یەکێک لە گوندەکانی شاری ورمێ لە شاری تاران تووشی ڕووداوی کار بوو.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لاوێکی کورد لە شاری تاران کە خەریکی کرێکاری بووه، بە هۆی کەوتنە خوارەوە لە بینایەکی چەند نهۆمی گیانی لە دەست دا.

ئەو ڕووداوە، ڕۆژی چووارشەممە ٤ی ڕەشەممە، لە شاری تاران ڕوویداوە.
ماڵپەڕە ناوچەییەکان، شوناسی ئەو کرێکارە کوردەیان بە ناوی\"پ.ع\" تەمەن ٢٣ ساڵ و خەڵکی گوندی \"بەله هی\" شاری ورمێ ڕاگەیاندووە.

ئەو کرێکارە کوردە لە کاتی کار کردن لە بینایەکی نیوەکارەی چوار نهۆمی بە بەربووتەوە، پاش چەند کاتژمێرێک گیانی لە دەست داوە.

بەپێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی کوردپا، ئەمە هەشتەمین کوردە لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا، دەبێتە قوربانی کار، کە چ وار کەسیان گیانیان لە دەست داوە.

ڕێژەی مردنی کرێکاران بە هۆی ڕووداوی کار لە ئێران ڕۆژانە بە ٦ کەس خەڵمێنراوە و بە وتەی بەرپرسانی وەزارەتی کار، ڕووداوی کار زیاتر لە ٩٠ هەزار میلیارد تمەن لە ئێران تێچوو هەڵدەگرێت.