کرێکارێکی کورد بە هۆی شەڕ و دەمەقاڵە لە شاری خۆی کوژرا

14:18 - 10 گەلاوێژ 2718
ئاژانسی کوردپا: کرێکارێکی کورد خەڵکی ناوچەی قوتوور سەر بە شاری خۆی لە ئەنجامی شەڕ و دەمەقاڵە لەگەڵ کەسێکی دیکە، کوژرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، چەند ڕۆژ پێش، کرێکارێکی تەمەن ٢٢ ساڵ بە ناوی \"ئەمین ڕاجی\"، کە کرێکاری کارواش بووە، لە کاتی شەڕ و دەمەقاڵە لەگەڵ کەسێکی دیکەدا، کوژرا.

فەرمانداری خۆی لەو باریەوە ڕایگەیاندووە: ئەو ڕووداوە لە کەمەربەندی سەفرزادەی شاری خۆی ڕوویداوە و ئەو کرێکارە کوردە لەگەڵ یەکێک لە موشتەرییەکان تووشی دەمەقاڵە بووە.

سەید محەممەد عابدی هەروەها دەڵێت: ئەو موشتەرییە بە کەڵکوەرگرتن لە چەقۆ، هێرشی کردووەتە سەر ئەو کرێکارە و لای \"مل\"ی ئەو کرێکارەی بریندار کردووە و پاش گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە، بە هۆی سەختی برینەکەیەوە، گیانی لە دەست داوە.

بە وتەی ناوبراو، بکوژەکە پاش هەڵاتن لە شوێنی ڕووداوەکە، خۆی ڕادەستی کەڵانتەری کردووە.

بەپێی گەڵاڵەی مەجلیسی ئێران، هەڵگرتنی کەرەستەگەلێک وەک، قەمە، شمشێر، چەقۆ، ساتوور یان پەنجەبۆکس، کە بە مەبەستی شەڕ و لێدان بە کار دەبرێت، بە تاوان دەژمێردرێ و بەپێی ئەو گەڵاڵە، سزای قورسی وەک زیندانی و سزای نەختی هەیە.

ئامارە بڵاوکراوەکان دەریدەخەن لە ئێراندا و لە ماوەی ١٠ ساڵی ڕابردوودا، ١٠هەزار و ٦٠٠کەس بە چەقو و کەرەستەکانی دیکەی وەک چەقۆ کوژراون.