کرێکارێکی کورد بە هۆی بەربوونەوە لە بەرزایی بریندار بوو

15:34 - 18 بانەمەڕ 2717
ئاژانسی کوردپا: کرێکارێکی کورد خەڵکی یەکێک لە گوندەکانی مەریوان لە کاتی کار کردن لە بینایەکی نیوەکارەی ئەو شارەدا بە سەختی بریندار بوو.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی یەکشەممە ١٧ی بانەمەڕ، کرێکارێکی کورد خەڵکی گوندی کەڵانتەرزان سەر بە شاری مەریوان لە کاتی کارکردن لە بینایەکی چەند نهۆمی لەو شارە بەردەبێتەوە.

شوناسی ئەو کرێکارە کوردە \"مەنسوور خودا مورادی\" ڕاگەیەنراوە.

مەنسوور خودا مورادی وەستای سەنگ کار بووە و لەو ڕووداوەدا دەست و لاقی دەشکێ.

ئەو ڕووداوە لە شەقامی \"جمهوری\" شاری مەریوان ڕوویداوە.

لە ماوەی سێ رۆژی ڕابردوودا، ئەمە سێهەمین حاڵەتی گیان لە دەستدان و بریندار بوونی کرێکارانی کوردە لە ئێران و کوردستان.

بەپێی دوایین ئامارەکان زیاتر لە سەدا ٥٠ ڕووداوی کار تایبەت بە کرێکارانی بیناسازین و وڵاتی ئێران لە ڕووداوی کار دا پلەی یەکەمی لە جیهان هەیە.