کرێکارێکی مەریوانی لە شاری سنە تووشی ڕووداوی کار بوو

14:51 - 3 گەلاوێژ 2717
ئاژانسی کوردپا: کرێکارێکی کورد، خەڵکی یەکێک لە گوندەکانی شاری مەریوان لە کاتی کارکردندا لە شاری سنە تووشی ڕووداوی کار بوو و بەو هۆیەوە گیانی لە دەست دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی یەکشەممە ١ی گەلاوێژ، کرێکارێکی کورد خەڵکی شاری مەریوان لە بینایەکی سێ نهۆمیدا، لە کاتی کارکردن لە بەرزایی بەربووەتەوە و گیانی لە دەست دا.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری مەریوان شوناسی ئەو کرێکارە کوردەی \"هوشیار محەممەدی\" خەڵکی گوندی \"خوایشت\"ـی سەر بە شاری مەریوان ڕاگەیاندووە.

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، ئەو کرێکارە کوردە دانیشتووی گوندی \"حەسەن ئاوای\" شاری سنە بووە و لە بینایەکی سێ نهۆمی لە گوندی \"ئەسۆلە\"ـی نزیک شاری سنە کەوتووەتە خوارەوە و دەستبەجێ گیانی لە دەست داوە.

کرێکاران بە هۆی نەبوونی دڵنیایی ژینگەی کار تووشی ڕووداوی کار دەبن.