کرێکارێکی سەقزی تووشی رووداوی کار بوو

21:19 - 19 خاکەلێوه 2713
ئاژانسی کوردپا: کرێکارێکی سەقزی لە کاتی کار کردن لە پرۆژەیەکی بینا سازیدا لەو شارە، لە نهۆمی پێنجەمەوە کەوتۆتە خوارەوە و لە ئەنجامدا سەرجەم ئەندامانی لەشی تووشی شکان بوون.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ١٨ی خاکەلێوە کرێکارێکی خەڵکی سەقز بەناوی \"وەفا موعین‌دۆست\" تەمەن ٢٥ ساڵ و خەڵکی شاری سەقز بەهۆی نەبوونی ئەمنیەت لە شوێنی کارەکەی، لە نهۆمی پێنجەمی پرۆژەیەکی بیناسازییەوە کەوتۆتە خوارەوە و سەرجەم ئێسکەکانی لەشی تووشی شکان بوون.

ئەو کرێکارە کوردە پاش بەربوونەوە لەو بینایە رەوانەی نەخۆشخانەی شاری سەقز کراوە و پاش ئەنجام دانی چەند نەشتەرگەری لەو نەخۆشخانەیە، رەوانەی نەخۆشخانەی \"بێعسەت\"ی شاری سنە کراوە.

هەواڵدەریی \"ئیسنا\" باروودۆخی جەستەیی \"وەفا موعین‌دۆست\"ی مەترسیدار وەسف کردووە.

لەلایەکی دیکەوە کۆمیتەی هاوئاهەنگی بۆ دامەزراندنی رێکخراوە کرێکارییەکان بڵاوی کردەوە، ٣ کەس لە ئەندامانی ئەو کۆمیتەیە بەناوەکانی \" وەفا قادری، حامید مەحموود نژاد و خالید حوسێنی\" کە لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە لەشاری سنە دەستبەسەر کرابوون، ئەمڕۆ دووشەممە رێکەوتی ١٩ی خاکەلێوە هەر کامەیان بەدانانی بارمتەی ٥٠ میلیۆن تمەنی لە زیندان ئازاد کران.