کرێکارێکی سەقزی بە هۆی بەربوونەوە گیانی لە دەست دا

21:42 - 24 خاکەلێوه 2717
ئاژانسی کوردپا: بە هۆی بەربوونەوە لە کاتی بەستنی داربەست کرێکاری کورد خەڵکی شاری سەقز کەوتە خوارەوە و گیانی لە دەست دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ ٢٤ی خاکەلێوە، کرێکارێکی کورد خەڵکی شاری سەقز لە کاتی بەستنی داربەستی فلزیدا بەربووە.

شوناسی ئەو کرێکارە کوردە بە ناوی \"ب.ع\" تەمەن ٣٠ ساڵ ڕاگەیەنراوە.

ئەو کرێکارە کوردە لە نهۆمی پێنجم، لە کاتی کارکردندا لە شەقامی ئینقلابی ئەو شارە بەربووە و گیانی لە دەست دا.

هەوڵی پزیشکەکان بۆ ڕزگای ئە کڕیکارە سەقزیە بە هۆی زۆری برینەکانی جەستەیەوە لەو باریەوە بێ ئاکام بووە.

هەر لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی ٢٢ی خاکەلێوە، لە شاری گێڵانی غەرب لە پارێزگای کرماشان، جووتیارێکی تەمەن ٤٠ ساڵە بەهۆی ڕووداوی کارەوە گیانی لەدەست دا.

بەگیان لە دەستدانی ئەم کرێکارە کوردە، لە سێ حەوتووی ڕابردوودا، ئەمە پێنجەمین کرێکاری کوردە بە هۆی ڕووداوی کارەوە گیانیانه لە دەست دەدەن.

توێژینەوەکان نیشان دەدات کە ساڵانە نزیک بە ٢٠ هەزار کەس لە ئێراندا قوربانیی ڕووداوی کار دەبن.