کرێکارێکی سەقزی بە هۆی بەربوونەوە لە بەرزایی گیانی لەدەست دا

14:22 - 23 سەرماوەز 2715
ئاژانسی کوردپا: بە گیان لەدەست‏دانی کرێکارێکی بیناسازی لە شاری سەقز، ژمارەی ئەو کەسانەی بە هۆکاری نەبوونی دڵنیایی کار، تووشی ڕووداوی کار هاتوون، گەییشتە سێ نەفەر.

بە پێی هەواڵە بڵاو بووەکان، کرێکارێکی تەمەن ٤٤ ساڵ لە سەقز، بە هۆی نەبوونی کەرەستەی خۆپاراستن لە نهۆمی چوارەمی بینایەکی ناتەواوەوە کەوتەخوارەوە و گیانی لەدەست دا.

ڕووداوەکە ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە، ٢٢ی سەرماوەز لە گەڕەکی زانستگە ڕووی‏داوە کە مردنی دەستبەجێی عەلی فەرەجیی لێ‏کەوتووەتەوە.

ئەو کرێکارە سەقزییە، زیاتر لە ساڵێکە نیگابانی لەو شوێنە دەدا و ماوەی چەند ڕۆژێک سەرقاڵی کار لە بیناکە بووە.

لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا، ئەمە سێهەمین کرێکاری کوردە کە بە هۆی نەبوونی کەرەستەی پێویست و دڵنیایی کارەوە لە شاری سەقز گیانی لەدەست دەدات.

ساڵی ڕابردوو بەپێی ئاماری پزیشکی یاسایی، ١٨٩١ نەفەر لە ئێران بە هۆی ڕووداوی کارەوە گیانیان لەدەست داوە کە نزیک بە ٩٠%یان لە خزمەتگوزاریی دابین کردنی کۆمەڵایەتی بێبەش بوونە.

لە ئێران و کوردستان، تەنیا لەسەدا دەی کرێکارانی گیان لەدەست‏داو، ناویان لە خزمەتگوزاریی دابین کردنی کۆمەڵایەتی (بیمە)تۆمار کراوە و دەوڵەتیش بە توندی دژایەتیی ڕێکخراوەکانی تایبەت بە مافی کرێکاران دەکات و پێش بە چالاکییان دەگرێت.