کرێکارێکی ٥٠ ساڵەی دیواندەرەیی گیانی لەدەست دا

16:38 - 10 گەلاوێژ 2719
ئاژانسی کوردپا: کرێکارێکی کوردی خەڵکی یەکێک لە گوندەکانی شاری دیواندەرە، لە کاتی کارکردندا تووشی ڕووداوی کار بوو و گیانی لەدەست دا.

\"کامران مەنسووری\"، بەرپرسی ئاگرکوژێنەوەی شارەداریی شاری دیواندەرە، باسی لە گیانلەدەستدانی کرێکارێکی تەمەن ٥٠ ساڵ کرد کە بەهۆی کەوتنە نێو چاڵاو، گیانی لەدەست داوە.

\"کامران مەنسووری\" ڕایگەیاند: \"ئەو کرێکارە کوردە خەڵکی گوندی ڕەشیدئاوای شاری دیواندەرە بووە کە لە کاتی کارکردندا کەوتووەتە نێو چاڵاو و گیانی لەدەست داوە\".

هەر چەند ئەو بەرپرسە حکوومەتییە شوناسی ئەو کرێکارە کوردەی ڕانگەیاندووە، بەڵام باسی لە گواستنەوەی تەرمی ئەو کرێکارە بۆ پزیشکی یاسایی کرد.

شاری دیواندەرە بە حەشیمەتی ٨٠ هەزار کەسی، لە ٨٥ کیلۆمیتریی شاری سنەدا هەڵکەوتووە.