کرێکارێکی خەڵکی مەریوان لە شاری هەڵەبجە گیانی لەدەست دا

14:26 - 19 رەشەمه 2713
ئاژانسی کوردپا: ئاماری گیان لەدەست دانی کرێکارانی کوردی خەڵکی ناوچە کوردنشینەکانی ئیران لە هەرێمی کوردستان، گەیشتە ١٣ کەس.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ١٨ی رەشەمە کرێکارێکی تەمەن ٤٢ ساڵەی کوردی خەڵکی مەریوان، لە کاتی کار کردن لە پرۆژەیەکی ئاوەدان کردنەوەدا لە شاری هەڵەبجە بووە قوربانی.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری هەڵەبجە رایگەیاند؛ ئەو هاووڵاتییە ناوی ئیبراهیم و کوڕی ئەحمەدە، کە لە ناو کاناڵێکدا خەریکی کار کردن بووە و بەهۆی رووچوونی زەوی و وەرگەڕانی ماشێنێکی هەڵگری چیمەنتۆ، گیانی لەدەست داوە.

دەگوترێت، ئیبراهیمی تەمەن ٤٢ ساڵ کە بە مەبەستی دابین کردنی بژیویی ژیان رووی لە هەرێمی کوردستان کردبوو، بۆ ماوەی ٢ کاتژمێر لە ناو کاناڵەکەدا ماوەتەوە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە تەرمی ئەو هاووڵاتییە کوردە رەوانەی شاری مەریوان نەکراوەتەوە.

لەلایەکی دیکەوە رۆژی پێنج‌شەممەی حەفتەی رابردووش لە شاری سلێمانی کرێکارێکی کوردی خەڵکی کرماشان بەناوی عەلی غوڵام‌شاهی کوڕی رەزا بەهۆی راوەستانی دڵ گیانی لەدەست دابوو.