کرێکارێکی بۆکانی بە هۆی ڕووداوی کار، تووشی پچڕانی دەمار بووه

20:00 - 1 سەرماوەز 2718
ئاژانسی کوردپا: کرێکارێکی کورد خەڵکی شاری بۆکان، بە هۆی بەربوونەوە لە کاتی کار کردندا تووشی پچڕانی دەمار بووە و ماوەی ٥ پێنج ساڵە نەخۆشە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، \"کەماڵ موحێبی\" تەمەن ٣٣ ساڵ خەڵکی شاری بۆکان، کە لە کاتی کارکردن لە شارۆچکەی \"دادقۆق\" سەر بە پارێزگای کەرکووک لە هەرێمی کوردستان، تووشی پچڕانی دەمار بووە و ماوەی ٥ ساڵە نەخۆشە؛ هەتا ئێستا لە لایەن ناوەندە پەیوەندییەدارەکانەوە هیچ ئاورێکیان لێ نەدراوەتەوە.

یەکێک لە نزیکانی ئەو هاووڵاتییە کوردە بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا ڕایگەیاند: \"کەماڵ موحێبی بە هۆی بەربوونەوە لە داربست تووشێ ئەو ڕووداوە بووە و ماوەی پێنج ساڵە \"قطع نخاغ\" بووە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی بۆ ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا خستەڕوو: \"لە ماوەی ئەو پێنج ساڵەدا، باوک و دوو برا و چەند هاورێیەکی کەماڵ تێچووی ژیانی ئەو کرێکارە بۆکانییە دەدەن و لایەن پەیوەندییەدارەکان هیچ ئاورێکیان لە ژیانی ناوبراو هەتا ئێستا نەداوەتەوە\".

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئاماژەی بە سەندیکای کرێکارانی هەرێمی کوردستان لە هەوڵێر کرد و ڕایگەیاند: لە ماوەی ئەو ٥ ساڵەدا، تەنیا بڕی ٢٠٠ هەزار دینار یارمەتی ئەو کرێکارە کوردەیان داوە.

بەپێی یاسای کار لە ئەگەری ڕوودانی هەر ڕووداوێکی نەخوازراو لە کاتی کارکردن بۆ کرێکاران، کرێکاران دەتوانن بەپێی بەڵگە لەو ڕێکەوتە کە تووشی ئەو ڕووداوە بووە، دژی خاوەنکار سکاڵا تۆمار بکات.

لەو پەیوەندییەدا، هاووڵاتییانی شاری بۆکان کەمپەینێکیان بۆ پشتگیری لە کەماڵ موحێبی، دامەرزاندووە هەتا بتوانن یارمەتی ماددی و مەعنەوی بۆ ئەو کرێکارە کوردە کۆ بکەنەوە.

کەماڵ موحێبی تەمەن ٣٥ ساڵ خێزاندار و باوکی منداڵێکە و ٥ ساڵ پێش بە هۆی ڕووداوی کار لە شارۆچکەی دادقوق تووشی پچڕانی دەمار بووە.