١١ کرێکاری پاڵاوگەی گازی ئیلام لە سەر کارکەیان دەرکران

14:29 - 21 خاکەلێوه 2718
ئاژانسی کوردپا: کرێکارانی \"ارکان ثالث\"ی پاڵاوگەی گازی شاری ئیلام باس لە دەرکرانی ١١ کرێکاری ئەو پاڵاوگەیە لە سەرەتای ئەمساڵەوە دەکەن.

بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، ١١ کرێکاری \"ارکان ثالث\"ی پاڵاوگەی گازی شاری ئیلام لە سەرەتای ساڵی نوێدا، بە هۆکاری نادیار لەسەر کارەکەیان دەرکران.

هەواڵدەریی \"ئیلنا\" لەو بارەیەوە بڵاوی کردەوە کە، ژمارەیەک لە کرێکارانی دەرکراو، ئەندامی شۆرای ئیسلامی کار لەو یەکە بەرهەمهێنەرە بوون و ئەمەش زیاتر نیگەرانی لای کرێکارانی دیکە بۆ دەرکردنیان لە سەر کارەکەیان درووست کردووە.

ئەو هەواڵدەرییە لە زاری چالاکانی کرێکارییەوە بڵاوی کردووەتەوە، خاوەنکار دەبێ لە پەیوەندی لەگەڵ دەرکردنی ئەو کرێکارانە ئێمە قانع بکات و دەبێ ئێمە بزانین بۆ هاوکارەکانمان لە سەرەتای ساڵی نوێدا بێکار بوون.

ئەو کرێکارانە سەرەرای نیگەرانی لە دەرکردنی هاوکارەکانیان دەڵێن: چاوەڕوانی جێبەجێ کردنی بەڵێنیەکانین و داوا لە خاوەنکارەکەمان دەکەین هەرچی زووتر ئەو بەڵێنانەی پێ دابووین جێبەجێی بکات.

مانگی ڕەشەمەی ساڵی ڕابردوو (٩٦) کرێکارانی پاڵاوگەی گازی ئیلام بەهۆی وەدواکەوتنی سنواتی ٥ ساڵەی خۆیان لەلایەن خاوەنکارەکەیانەوە لە بەردەم بینای ئەو پاڵاوگەیە کۆبوونەوە و داوای پارە وەدواکەوتووەکەیان کرد.