٩ کرێکاری شارەوانیی سنە لەسەر کار دەرکران

14:41 - 4 بەفرانبار 2712
ئاژانسی کوردپا: ئیدارەی شارەوانیی شاری سنە بە بیانووی کەمیی بوودجە ٩ کرێکاری لەسەر کار دەکرد.

ماڵپەڕی \"یەکیەتیی ئازادی کرێکارانی ئێران\" بڵاوی کردەوە، رێکەوتی ٢ی بەفرانبار بەرپرسانی ئیدارەی شارەوانیی ناوچە ٢ی شاری سنە ٩ کرێکاری \"قیرتاو\"یان لەسەر کار دەرکردووە.

ئەو ماڵپەڕە ناسنامەی ئەو کەسانەی \"مەحموود شامرادی، یەحیا نەسیری، مەسعوود زەندی‌نەوا، موزەفەر هەمکاری، حوجەتوڵڵا رەوشەنی، ئەمیر محەممەدی، سابیر رەحیمی، هادی میرحوسێنی و جەمشید حەبیبی\" راگەیاندووە.

ئەو ماڵپەڕە ئاماژەی بەوەش داوە کە کرێکارانی ناوچە ٢ی سنە بە پێشینەی ٥ هەتا ١٥ ساڵ لە شارەوانی ئەو شارە کاریان کردووە و تەنیا بە بیانووی کەمیی بوودجە لەسەر کار دەرکراون.

کارناسانی ئابووری و سیاسی لەو باوەڕە دان بوونی گەمارۆکان زۆرترین کاریگەریی لەسەر کەرتە گەورە و بچووکەکانی بەرهەمهێنان و بەتایبەتی لە ناوچە پەراوێز خراوەکانی ئێران داناوە و بەم پێیە رەوتی دەرکرانی کرێکار و داخرانی کارگەکان لەو ناوچانە روو لە زیاد بوون دەکات.