٢٠ کرێکاری شارەداریی شاری سەردەشت لە سەر کارەکەیان دەر کران

14:14 - 7 پووشپەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: شارەداریی شاری سەردەشت ماوەی ٦ مانگە مووچەی بە کرێکارانی خۆی نەداوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، شارەداریی شاری سەردەشت، ٢٠ کەس لە کرێکارانی خۆی دەر کردووە و هەروەها ماوەی ٦ مانگە مووچەشی پێیان نەداوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە زاری یەکێک لە کرێکارانی شارەداریی شاری سەردەشت ڕایگەیاند: شارەداریی سەردەشت کارەکانی بە پەیمانکار داوە و پەیمانکارەکەش پاکانەحەسێبی لەگەڵ ٢٠ کرێکاری ئەو شارەدارییە کردووە.

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، سەرەڕای دەرکردنی ئەو ٢٠ کرێکارە لە لایەن پەیمانکاری شارەدارییەوە، نەتەنیا ماوەی ٦ مانگ مووچەیان وەرنەگرتووە، بەڵکوو بیمەش نەکراون.

هەر لەو پەیوەندییەدا. بە هۆی قەرزداربوونی شارەداریی شاری تیکاب، کرێکارانی ئەو ناوەندە خزمەتگوزارییە، ماوەی زیاتر لە سێ مانگە پارەیان وەرنەگرتووە.

زۆربەی کرێکارانی شارەدارییەکان بە پارەیەکی کەم و بە هۆی ئەوەی بێکارنەبن، سەرەڕای حەقدەستێکی کەمی مانگانە، بە شێوەی گرێبەستی کار دەکەن.