٢٠٠ کرێکاری خۆجێی لە سەرکارەکەیان لە پارێزگای کرماشان دەرکران

20:41 - 22 خەزەڵوەر 2716
ئاژانسی کوردپا: خاوەنکاری گەڵاڵەی بەنداوسازیی شاری قەسری شیرین لە پارێزگای کرماشان بە شێوەیەکی نایاسایی ٢٠٠ کرێکاری بێکار کرد.

بەپێی هەواڵی گەێشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، زیاتر لە ٢٠٠ کرێکاری بەنداوی بازی دراز لە ناوچەی قەسری شیرین لە کاتی دروست‌کردنی ئەو پرۆژەیە وڵا نران و بێکار بوون.

کرێکارانی دەرکراو سەبارەت بە ئەو هەوڵەی کارفەرما، دژکردەوەیان نیشان دا و لە نزیکەی ئەو بەندواە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان دەبڕی.

پرۆژەی دروست کردنی ئەو بەنداوە لەژێر دەستی شیرکەتی سپاسە کە سەر بە قەراگای خاتەموئەنبیا سپای پاسدارانە.

ئەو گەڵاڵەیە کە بەشێک لە گەڵاڵەی ئاوەدێری لە ناوچە گەرمەکان لە باشووری کوردستانی ئێران بە ئەژمار دێت، هەتا ئێستا بە بیانووی\" بینینی دەمارەکانی نەوت لە بەنداوە\"کە ڕاگیراوە.

بەرپرسانی شاری قەسری شیرین لە وڵامی ناڕەزایەتی کرێکارانی دەرکراو گوتوویانە داخستنی ئەو بەنداوە کاتییە و بێکاری زیاتر لە ٢٠٠ کرێکاری خۆجێیش بۆ ماوەیک کاتی دەبێت.

جێگری سیاسیی فەرماندرای شاری قەسری شیرین ڕوونی کردەوە کە دروستکردنی تونێل لەو شوێنە پێویستی بە کرێکار هەیە و بۆ چی هەوڵی دەرکردنی ئەو ٢٠٠ کرێکارە دراوە.