کرێکارانی ئیدارەی ئاو و ئاوەڕۆی شارەداریی بۆکان، سێ مانگە مووچەیان وەرنەگرتووە

15:23 - 6 جۆزەردان 2719
ئاژانسی کوردپا: بە هۆی گەندەڵی و نەبوونی پارە لە شارەداریی شاری بۆکان، کرێکارانی ئەو ناوەندە خزمەتگوزارییە، ماوەی سێ مانگە مووچەیان وەرنەگرتووە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، کرێکارانی ئاو و ئاوەڕۆی شارەداریی شاری بۆکان، ماوەی سێ مانگە پارەیان لە لایەن شارەدارییەوە، وەرنەگرتووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: \"بەرپرسی شارەداریی شاری بۆکان بە کرێکارانیان ڕاگەیاندووە کە ئێمە پارەمان نییە و ناتوانین پارەی ئەم سێ مانگەی ئێوە دابین بکەین.

ئەم سەرچاوەیە لە زمانی یەکێک لە کرێکارانی شارەداریی بۆکان ڕایگەیاند: \"سەرەڕای نەدانی پارەی سێ مانگەی خۆمان، تەنانەت جێژنانەی نەورۆزیشیان پێ نەداوین.\"

ئەو سەرچاوەیە لە زاری ئەو کرێکارەوە وتی: \"پارەی ئیزافەکاریی ئیداراتی بۆکان، بەتایبەتی ئیدارەی پەروەردە و بارهێنان، لە ماوەی ئەم سێ مانگەشدا نەدراوە.\"

ئەم سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: \"زۆربەی کرێکارانی ئاو و ئاوەڕۆی شاری بۆکان، کرێکارانی وەرزین و بە شێوەی گرێبەست کار دەکەن.\"

لەو پەیوەندییەدا، کرێکارانی شیرکەتی فرووزەنده که له گوندی \"کولیچـ\"ی ناوچەی بەربنەی پیرانشاردا کار دەکەن، پاش نەدانی ۵ مانگ له پارەی مانگانەیان، ناڕەزایەتییان دەربڕیوە.