کرێکارانی کوردستان بە چەندین مانگ حەقدەستی دواکەوتوویان لای دەوڵەتە

14:50 - 21 سەرماوەز 2716
ئاژانسی کوردپا: خاوەنکارە دەوڵەتییەکان لە پڕۆژەگەلی خزمەتگوزاریی کرماشان و ئیلام لەدانی حەقدەستی کرێکارانی کورد خۆیان دەبوێرن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، نزیک بە ١٠٠ کرێکاری پرۆژەی درووستکردنی بەنداوی \"سەیمەرە\"ی شارستانی \"بەدرە\" لە پارێزگای ئیلام، یازدە مانگە هیچ مووچەیەکیان پێنەدراوە.

خاوەنکار، ڕادەست نەکردنی پێرستی دۆخی بەڵێندەران لەلایەن دەوڵەتەوە، بە هۆکاری وەدواکەوتنی مووچەی ئەو ڕێژە لە کرێکارانی بەپێشینە ڕاگەیاندووە.

یەکێ لەو کارێکارانە بە ئاماژە بە دۆخی دژواری ژیانیان، بە هەواڵنێری \"تابناک\"ـی وتووە کە؛ بۆ ڕاییکردنی کاروباری بنەماڵەکانمان، بەناچاری قەرز لە بانکەکان وەردەگرین کە تەنانەت توانستی دانەوەی بڕی دیاریکراوی وامەکانیشمان نییە.

هەروەها کرێکارانی پرۆژەی بەنداوی \"میمە\"ـی دێلۆران لەبەردەم فەرمانداریی ئەو شارەدا کۆبوونەتەوە و دەستیان داوەتە ناڕەزایەتی دەربڕین.

ئەوان لە داخرانی پرۆژەکە نیگەرانن و خوازیاری پێدانی مووچەی دواکەوتووی ٥ مانگی ڕابردووی خۆیانن.

کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی کرێکارانی کورد لە دێلۆران لەکاتێکدایە کە؛ سەرچاوە خۆجێییەکان باس لە دەرکرانی نزیک بە ٥٠ کەس لەو پرۆژەیە بەهۆی کێشەی ماڵییەوە دەکەن.

لەهەواڵێکی دیکەی کرێکاریدا، پەرستارانی ناوەندە دەرمانییەکانی پارێزگای کرماشان، ٧ مانگە لە وەرگرتنی پارەی \"کارانە\" بێبەش کراون.

یەکێک لە ئەندامانی بەڕێوەبەری \"نظام پرستاری\"ـی کرماشان لە وتووێژ لەگەڵ هەواڵدەریی ئیسنادا ڕێژەی ئەو پەرستارانەی بە ٣٠٠ کەس لەقەڵەم دا.

زاراوەی \"کارانە\" چەشنێک پێدانی پارەیە بێجگە لە مووچەی مانگانە، کە هەر دامەزراوەیەک بەپێی قازانجێک کە دەیکات، بڕە پارەیەک بەسەر پێرسونێلی خۆیدا دابەش دەکات.

نێونجی \"کارانە\"ـی پەرستاران لە نەخۆشخانەکانی ئێران، نزیک بە ٣٥٠ هەزار تمەن لە مانگێکدا دەبێ.

دەوڵەت، گەورەترین خاوەنکار لە ئێراندایە کە بە پێڕەوکردنی سیاسەتی کەم ڕاگرتنی مووچەکان، بەتەمای پاراستنی بەرهەمهێنانە.