کرێکارانی \" کشت و سەنعەتی\" مەهاباد مانیان گرت

14:28 - 11 پووشپەڕ 2715
ئاژانسی کوردپا: کرێکارانی کوردی ناوەندی پیشەیی \" کشت و سەنعەتی\" شاری مەهاباد ماوەی ١٠ مانگە لەحەقەدەستەکانیان بێبەری کراون و ئەوەش ناڕەزایەتی کرێکارانی لێکەوتووتەوە.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ١٠ی پووشپەڕ سەرجەم کرێکارانی بەشی \" کوشتارگا\"ی سەر بە ناوەندی پیشەیی کشت و سەنعەتی مەهاباد بە نیشانەی دواکەوتنی ١٠ مانگەی حەقدەستەکانیان مانیان گرتووە و رێگەیان نەداوە کە کوشتارگاکە چالاکی بکات.

بەوتەی یەکێک لەکرێکاران، ماوەی ١٠ مانگە مووچە و حەقدەستی کرێکارانی بەشی کوشتارگاکە دوا کەوتووە و پاش چەندین جار بە دواداچوون و داواکاریی هیچ وڵامێکمان پێ نەدراوەتەوە.

ماوەیەک لەمەوبەریش دەنگوی داخستنی یەکجارەکی ئەوە ناوەندە پیشەییە (وەکوو سەمبولی کەرتی پیشەیی مەهاباد) بە هۆی نەبوونی بوودجەی پێویست هەبوو.

لەو پێوەندییەدا ساڵی رابردوو نزیک بە ١٤٠ کرێکاری ئەو ناوەندە پیشەییە لەسەر کار دەرکراون و کەرتەکانی وەبەرهێنانی مریشک، جووجکەی یەک رۆژە و هێلکە بە تەواوەتی چالاکییەکانیان راگرتبوو.

لەحاڵی حازردا تەنیا کوشتارگای مریشک و ساردخانەکەی ناوەندی پیشەیی کشت و سەنعەتی مەهاباد چالاکی دەکات و بەرهەمی خۆی دەداتە دەرەوە.

ناوندی پیشەیی کشت و سەنعەتی مەهاباد(چهارگانه سبز ) ساڵی ١٣٥٠ دامەزراوە و بەپێی بەڵگەکان و وتەی بەڕێوەبەرانی ئەو ناوەندە سەرەتا ٨٠٠ کەس کاریان تێدا کردووە و ئێستا ئەو رێژەیە بۆ ١٥ هەتا ٢٠ کەس دابەزیوە.

کەسانی ئاگادار لە دوخی ئەو ناوەندە پیشەییە لەو باوەڕەدان کە چەندین هۆکاری وەکوو \" خزم خزمێنە\"، بەرتیل وەرگرتن، بوورس بازی لەسەر زەمینەکان و گۆڕانی خەریتەی ناوندەکە و بەخشینی بە کەرتی تایبەت، ناوەندی کشت و سەنعەتی مەهابادی تووشی ئیفلیجی کرد.

لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا بەشێکی بەرچاو لە ناوەند و کەرتە پیشەییەکانی کوردستان تووشی کێشەی ماڵی بوون و حەقدەستی کرێکارانیش زۆر جار بە دە مانگ وەدوا دەکەوێت.

لەو پێوەندییەدا ماوەی ٩ مانگە بەرپرسانی کۆمپانیای بەنداوی \"چەپەراوێ\"ی شنۆ خۆیان لە دانی حەقەدەستی کرێکارانی ئەو بەنداوە بواردووە.

پڕۆژەی بەنداوی چەپەراوێ ‌لەشاری شنۆ لەئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوا ‌یەك لەو پڕۆژە عومرانیانە بوو كە لەساڵی ١٣٨٢ی هەتاوییەوە دەستی پێكرد و بڕیار بوو لەماوەی ٥ساڵ ئاوگیری بكرێت.

هەر لەسەرەتای دەست پێكردنی پڕۆژەكە لێپرسراوانی ئەو بەنداوە بێ‌ بوونی مۆڵەت و بێ‌ئیزن وەرگرتن لەدانیشتوانی ئاوایی چەپەراوێ‌، بە لۆدێر و بۆڵدیزێر كەوتنە گیانی دارستان و مووچە و مەزراكانی ئەو ئاواییە و لەژێر ناوی سازكردنی بەنداو ئەو شوێنانەیان وێران كرد.