کرێکارانی کارگەی زاگرۆسی قوروە کۆتاییان بە کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکەیان لەتاران هێنا

13:42 - 9 خەزەڵوەر 2713
ئاژانسی کوردپا: کرێکارنی ناڕازی و لەسەر دەرکراوی کارگەی \"فولاد زاگروس\"ی قوروە،‌ پاش ئەوەی چەندین جار لەبەر دەم مەجلیس، وەزارەتی کار و رێکخراوی \"تەئمین ئێجتماعی\"‌ی حکوومەتی ئێران بە مەبەستی وەرگرتنی مافەکانیان کۆبوونەوە، گەڕانەوە ئوستانی کوردستان.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەو کرێکارانە دوای سێ‌رۆژ ناڕەزایەتیی دەربڕینی بەردەوام لەبەر دەم، دام و دەزگا فەرمییەکانی حکوومەتی ئێران، توانیویانە بە بەشێک لە داواکارییەکانیان بگەن.

هەر لەو پێوەندییەدا هەواڵدەریی ئیلنا بڵاوی کردبۆوە، مووچەی دوا کەوتووی ٧ مانگ لەلایەن لێپرسراوانی کارگەی زاگرۆسەوە بە کرێکاران دراوە.

مووچەی ئەو ٧ مانگە لە نێوان یەک میلیۆن و ٦٠٠ هەزار تمەن بۆ دوو میلیۆن تمەن بووە.

رێکەوتی ٥‌ی خەزەڵوەر نزیک بە ١٧٠ کەس لەنوێنەری کرێکارانی لەسەر دەرکراوی کارگەی زاگرۆسی قوروە بە نیشانەی ناڕەزایەتیی دەربڕین بە جێبەجێ ‌نەکرانی داواکارییەکانیان و هەروەها دانی بەڵێنی بێ‌بنەما لەلایەن بەرپرسانی ئێرانەوە، لەبەردەم مەجلیسی شۆرای ئیسلامیی حکوومەتی ئێران کۆبوونەوەیان پێکهێنا.

ئەو کرێکارانە رێکەوتی ٦ و ٧‌ی خەزەڵوەریش درێژەیان بە کۆبوونەوەکەیان‌دا و کۆبوونەوەکەیان کێشایە بەر دەم وەزارەتی کار و رێکخراوی \"تەئمین ئێجتماعی\" لەشاری تاران.

مانگی پووشپەڕی ئەمساڵ ٢٣٥ کرێکاری کوردی کارگەی \"فولاد زاگروس\"‌لەشاری قوروە لەلایەن خاوەن کارەکانیانەوە لەسەر کار دەرکران.

پێشتریش لە رێکەوتی ٢٤ی پووشپەڕی ٩٢‌دا کرێکارانی لەسەر کار دەرکراوی ئەو کارگەیە لەبەر دەم بینای \"دەفتەری بەیتی رێبەری\"ی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران و مەجلیسی شۆرای ئیسلامیی حکوومەتی ئێران کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان پێکهێنابوو.