کرێکارانی کارخانەی ڕەخشی کوردستان ٧ مانگە پارەیان وەرنەگرتووە.

16:48 - 8 خەرمانان 2716
آژانسی کوردپا: نزیکەی ٧ مانگە کرێکارانی کارخانەی هێزی ڕەخشی کوردستان پارەیان وەرنەگرتووە و ماوە ماوە خاوەنکارەکە لە سەر کارەکەیان وەڵایان دەنێ.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردپا، کرێکارانی کارخانەی هێزی ڕەخشی کوردستان ٧ مانگە مووچەیان وەرنەگرتووە، و خاوەن کار هەر دوومانگ جارێک بەشێکی زۆرکەم لە پارەی کرێکارییەکەیان پێی دەدات.

کرێکارانی کارخانەی ‌هێزی ڕەخشی کوردستان، سەرەڕای وەرنەگرتنی تەواوی پارەکەیان، بە دەیان کەسیشیان لە مافی دڵنیایی \"بیمە\" بێبەرین.

کارخانەی هێزە ڕەخشی کوردستان، لە ساڵی ١٣٨٠ی هەتاوی، لە بواری دروست کردنی سیم وکابڵ و ترانسفۆڕماتۆڕ دامەزراوە.

ئەو کارخانەیە لە سەرەتای دامەزراندنیەوە ٧٠ کرێکاری هەبووە، بەڵام ئێستا هێندێک لەو کرێکارانە لەسەر کارەکەیان وەلا نراون.

ئەو کارگەیە لە شارەکی سنعەتیی ژمارە ٣ی شاری سنە هەڵکەوتووە.