کرێکارانی پردی نێوبڕی گۆلی ورمێ، پاش ٧ ساڵ مووچەیان پێنەدراوە

14:53 - 30 بەفرانبار 2714
ئاژانسی کوردپا: پاش تێپەرینی حەوت ساڵ لە دروستکرانی پردی نێو گۆلی ورمێ، هێشتا کرێکارانی ئەو پرۆژەیە مووچەی ساڵانی کۆتایی کارەکەیان پێنەدراوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، خاوەنکاری پرۆژەی دروستکردنی پردی نێو گۆلی ورمێ، پاش حەوت ساڵ لە تەواوبوونی ئەو پرۆژەیە، خۆی لە دانی مووچەی ٣٠ کرێکاری پرۆژەکەی دەبوێرێت.

لە کاتێکدا بڕیار بوو خاوەنکاری پرۆژەی دروستکردنی پردی نێوبڕی گۆلی ورمێ، لە فرۆشتنی کەلوپەلی کارگەکەی خۆی پارەی کرێکارانی بدات، بەڵام خاوەنکاری پرۆژەکە سەرجەم کەلوپەلەکانی فرۆشتووەو ئێستاش وڵامی کرێکاران ناداتەوە.

یەکێک لەو کرێکارانی پێشووی پرۆژەکە رایگەیاندووە، ساڵی رابردوو ١٦ کرێکاری ئەو پرۆژەیە سکاڵایان لەسەر شیرکەتی \"ئێران سەدرا\"، کە بەڕێوەبەری ئەو پرۆژەیە بوو، تۆمار کرد و سەرئەنجام خاوەنکار لەلایەن لیژنەی چارەسەرکردنی کێشەکانی ئیدارەی کارەوە بە پێدانی مووچەی کرێکاران، مەحکووم کرابوو.

ئەو کرێکارە گوتووشیەتی: لە کاتێکدا خاوەنکاری پرۆژەکە ئەو بڕیاری لیژنەی چارەسەرکردنی کێشەکانی ئیدارەی کاری قەبووڵ کردووە، بەڵام هەتا ئێستا پارەی ئێمەی نەداوە.

ئیرنا لەزاری ئەو کرێکارەوە بڵاوی کردۆتەوە، رۆژی دووشەممە کرێکارانی ناڕازیی ئەو پرۆژەیە بە مەبەستی زەوت کردنی \"ئەمواڵ\"ی خاوەنکارەکە، سەردانی بەشی جێبەجی کردنی حوکمەکانی ئیدارەی کاریان کردووە.

پردی نێوبڕی گۆلی ورمێ کە درێژاییەکەی ١٧٠٩ میترە، لە نێوەڕاستی گۆلی ورمێوە تێپەڕ دەبێت و دوو ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوا و ئازەربایجانی رۆژهەڵات پێکەوە گرێ ئەدات.