کرێکارانی نەیشەکەری \"حەفت تەپە\" لە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی خۆیان بەردەوامن

15:36 - 19 رەزبەر 2716
ئاژانسی کوردپا: کرێکارانی ئەنجومەنی پیشەیی نەیشەکەری \"حەفت تەپە\" کە پێشتریش بە دەیان جار ناڕەزایەتیی خۆیان دەربڕیبوو، جاڕێکی دیکەش کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی خۆیان دووپات کردەوەتەوە.

بەپێی هەواڵی هەواڵدەریی کاری ئێران \"ئیلنا\"، هەندێ لە کرێکارانی ناڕازی، سەر لە بەیانیی ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ١٨ی ڕەزبەر، لە بەرانبەر بینای بەڕێوەبەریی کارخانەی نەیشەکەری \"حەفت تەپە\"دا کۆبوونەوەتەوە و ناڕەزایەتیی خۆیان دەربڕیوە.

ئەم کرێکارانە دوو تا چوار مانگە پارەی حەقدەستی خۆیان لە بەڕێوەبەرانی ئەم کارخانەیە وەرنەگرتووە و دڵنیایی کاریشیان بۆ ماوەی شەش مانگە وەدوا کەوتووە.

بەوتەی ئەم کرێکارانە، سەرجەم ١٢٠٠ کرێکار لەم ئەنجومەنەدا سەرقاڵی کار و چالاکی بوون و ئێستاش ماوەی ٢ تا ٤ مانگە کە پارەیان پێ نەدراوە.

هەروەها ئەم کرێکارانە باسیان لەوە کردووە کە؛ پێشتریش بە دەیان جار ناڕەزایەتیی خۆیان دەربڕیوە و بەرپرسانیش بەڵێنییان پێ دابوون کە داواکارییەکانیان جێبەجێ بکەن، بەڵام هیچ داخوازییەکیان جێبەجێ نەکراوە و ئەوانیش دەستیان بە کۆبوونەوە و ناڕەزایەتی دەربڕین کردۆتەوە.

بارودۆخی ئابووری لە ئێران لە سنوورێکی مەترسیداردایە و خەڵک بە شێوەی جۆراوجۆر ناڕەزایەتیی خۆیان دەدرکێنن، ئەوەش لە حاڵێک‌دایە کە، لە کاتی هاتنە سەرکاری حکوومەت، بەڵێن بە خەڵک درابوو کە پارەی نەوت دێتە سەر سفرەی خەڵک و هەروەها خەڵک دەتوانن لە وزەی نەوت و کارەبا و ئاو بەخۆڕایی کەڵک وەربگرن، بەڵام ئێستا تەنانەت کارخانەکان توانای جێبەجێ کردنیی داخوازییەکانی خەڵک و کرێکارانیان نیە.