کرێکارانی شیرکەتی کووهدەشت لەسەقز ماوەی ١٠ مانگە مووچەیان پێ‌نەدراوە

20:59 - 5 بەفرانبار 2713
ئاژانسی کوردپا: سەرجەم کرێکاری شیرکەتی بیناسازیی کووهدەشتی شاری سەقز، لە سەرەتای ئەمساڵەوە هیچ مووچەیەکیان پێ نەدراوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شیرکەتی کووهدەشت کە دەفتەرەکەی لە گەڕەکی سیلۆی ئەو شارە هەڵکەوتووە، نزیک بە یەک ملیارد تمەن کرێکارانی شیرکەتەکەی قەرزدارە و ماوەی ١٠ مانگە کرێکاران بەبێ مووچە کاریان بۆ ئەو شیرکەتە کردووە.

\"17587.jpg\"
پرۆژەی خانە سازمانییەکانی شاری سەقز
بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، نەدانی مووچە بە کرێکاران، بووە هۆی ئەو کە ٤٠ کەس لە کرێکارانی شیرکەتی کووهدەشت رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٤ی بەفرانبار لە بەردەم دەفتەری ئەو شیرکەتەدا کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی پێک بێنن.

ئەو سەرچاوەیە گوتیشی، شیرکەتی کووهدەشت کە لەژێر چاوەدێریی سپای پاسداراندا چالاکی دەکات، بە کرێکارانی راگەیاندووە لە ئەگەری بەردەوام بوون لە ناڕەزایەتی دەربڕین، بە تۆمەتی لایەنگری لە \"ضد انقلاب\" سکاڵاتان لەسەر تۆمار دەکەین.

شیرکەتی پیمانکاریی کووهدەشت هەنووکە پرۆژەی دروست کردنی خانە سازمانییەکانی \"فازی ٢ی\" شاری سەقزی بەدەستەوەیە.

سەرچاوەکە باسی لەوەش کرد، هەر کاتێک کرێکاران داوای مووچەیان لە بەرپرسانی شیرکەتەکە کردووە، تەنیا ٣٠ هەتا ٤٠ هەزار تمەن پارەیان پێ داوەن، ئەوەش لە حاڵێک دایە کە زۆربەی کرێکارانی ئەو شیرکەتە خێزاندارن.