کرێکارانی شارەداری سەردەشت ماوەی ٣ مانگە مووچەیان وەرنەگرتووە

15:56 - 1 خەرمانان 2716
ئاژانسی کوردپا: ٢٠٨ کرێکاری شارەداری سەردەشت لە پارێزگای ورمێ ماوەی ٣ مانگە کە مووچەیان وەرنەگرتووە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەم کرێکارانە کە بەشێوەی قەراردادی یان ڕۆژکار لە شارەداریدا کار دەکەن ڕایانگەیاندووە هۆکاری نەدانی پارەکانمان کەمتەرخەمییەکانی شارەدارییە لە دابین کردنی سەرچاوەی ماڵی پێویست.

بەپێی ئەم هەواڵە جگە لە نەدانی مووچە بە کرێکاران، شارەداری سەردەشت لە دانی پارەی بیمەی کرێکارەکانی بە \"تامین اجتماعی\" خۆی بواردووە و هەر بەم هۆیەشەوە ئیدارەی بیمەی سەردەشت دەفتەرچەی دەرمانییەکانیانی بۆ ماوەی مانگێک نوێ کردۆتەوە.

بەپێی دوایین ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان کرێکاران لە ترسی دەرکران ناتوانن باسی کێشەکانیان بکەن و لە نیهادە کرێکارییەکان یان لە ڕێگەی ڕاگەیەنە گشتییەکانەوە بەدواداچوونی بۆ بکەن؛ بەتایبەت کە بەشێکیان بەشێوەی ڕۆژکار کار دەکەن و هیچ ئەمنیەتێکی کاری و پیشەییان نییە.