کرێکارانی شارەداری بۆکان سێ مانگە حەقدەستیان وەرنەگرتووە

16:06 - 26 خەرمانان 2717
ئاژانسی کوردپا: بە هۆی نەبوونی پارە لە شارەداری شاری بۆکان کرێکارانی ئەو شارەدارییە ماوەی سێ مانگە پارەیان وەرنەگرتووە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شارەداری شاری بۆکان سێ مانگە حەقدەستی کرێکارانی ئەو ناوەندە حکوومەتییەی نەداوە و سەرپەرەستی شارەداری بۆکانیش دەڵێت: ئەگەر یاسا ڕێگام پێ بدات مایەپووچ بوونی ئەو شارەدارییە ڕادەگەیەنم.

عەبدوسەلام موسەووی سەرپەرەستی شارەداری بۆکان هەروەها دەڵێت: ماوەی دوو ساڵە یەکەکانی خەدەماتی شار بە کەرتی تایبەت دراوە و شارەداری ماوەی ٨ مانگە نەیتوانیوو بەڵێنەکانی خۆی بەرامبەر بە بەڵێندەران جێبەجێ بکات.

بە وتەی سەرپەرەستی شارەداری بۆکان، لە ماوەی ٨ مانگی ڕابردوودا بەڵێندەران بە پارەی خۆیان حەقدەستی کرێکارانی ئەو شارەدارییەیان داوە ، بەڵام ماوەی سێ مانگە بەڵێندەران نەیانتوانیوە حەقدەستی کرێکارانی خەدەماتی شار بدەن.

یەکێک لە کرێکارانی ئەو شارەدارییە وێڕای پشتراست کردنەوەی ئەو هەواڵە دەڵێت: ماوەی سێ مانگە پارەمان وەرنەگرتووە و ئەوە لە کاتێکدایە کە لە بەرەبەری کرانەوەی قوتابخانەکان داین و ناتوانین منداڵەکانمان بۆ قوتابخانە ئامادە بکەین.

عەبدوسەلام موسەووی هەروەها دەڵێت: دۆخی ماڵی شارەداری بۆکان زۆر نالەبارە و ئەگەر لە یاسادا پێشبینی کرابێت کە شارەداریش وەکوو شیرکەتەکانی دیکە بتوانێ مایەپووچ بوونی خۆی ڕابگەیەنێ، مایەپووچ بوونی ئەو شارەداریەم ڕادەگەیاند.

کرێکارانی وەرزی لە کوردستان لەلایەن خاوەنکارەکانەوە لە ڕاستای وەدەست خستنی قازانجی زۆر، تووشی حاڵەتی کەڵکی نابەجێ وەرگرتن لەلایەن خاوەنکارەوە دەبن و بە گشتی هیچ کام لە یاساکانی کار کرێکاران ناگرێتەوە.