کرێکارانی بەنداوی کانی سێوی مەهاباد، ٧ ڕۆژە مانیان گرتووە

15:00 - 3 بانەمەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: کرێکارانی بەنداوی کانی سێوی شاری مەهاباد، بە هۆی دواکەوتنی ٦ مانگ مووچە، ماوەی ٧ ڕۆژە مانیان گرتووە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ژمارەیەک لە کرێکارانی بەنداوی کانی سێوی شاری مەهاباد، ماوەی ٧ ڕۆژە مانیان گرتووە و نەچوونەتە سەر کارەکەیان.

یەکێک لە کرێکارانی بەنداوی کانی سێوی مەهاباد، لە پەیوەندییەکی کورتی تەلەفۆنیدا بە ئاژانسی کوردپای ڕایگەیاند: ماوەی ٦ مانگە مووچەمان وەرنەگرتوو و چەندین جار سکاڵا و گلەییی خۆمان بردووەتە لای خاوەنکاری ئەو پڕۆژەیە و بەڵێنی دانی پارەی پێ داوین.

ئەو کرێکارە کوردە، کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت ڕایگەیاند: ئێمە سەڕەرای بەڵێنی خاوەنکار لەو بەنداوەدا درێژەمان بە کارکردن داوە، بەڵام ئەوە ماوەی شەش مانگە پارەیان پێی نەداوین و ئێمەش ماوەی ٧ ڕۆژە مانمان گرتووە و نەچووینەتە سەر کارەکەمان.

بە وتەی ئەو کرێکارە، لە ماوەی ئەم یەک حەوتووەدا، هەتا ئێستا نە خاوەنکار و نە لایەنە پەیوەندییدارە حکوومەتییەکان، هیچ بەڵێنییەکی ئەرێنیان پێ نەداوین و تەنانەت بیمەشمان نییە و چەند جارێک ئەو داواکارییەمان بە نووسراوە پێشکەشی خاوەنکار کردووە، ئەوەش بۆی جێبەجێ نەکردووین.

لە لایەکی دیکەوە، حەوتووی ڕابردوو، کرێکارانی شارەداریی شاری سەوڵاواش، بە هۆی دواکەوتنی مووچەی چەند مانگەیان، لە بەردەم بینای شارەداریی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان پێک هێنابوو.

کرێکارانی شارەداریی شاری سەوڵاوا، ماوەی ٨ مانگە پارەیان وەرنەگرتووە و لەو کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەدا، داوایان لە بەرپرسانی شارەداریی کردبوو، لە پەیوەندیی لەگەڵ دواکەوتنی مووچەکەیان وڵام بدەنەوە.