کرێکارانی "ئازەرکامـ"ـی ورمێ لەبەردەم بینای ئەو کارگەیە کۆبوونەوە و مانیان گرت

12:00 - 31 گەلاوێژ 2721

کرێکارانی ئازەرکام لە ورمێ بەهۆی دواکەوتنی پارەی ٥ مانگیان لەلایەن خاوەنکارەوە، لەبەردەم بینای ئەو کارگەیە کۆ بوونەتەوە و مانیان گرتووە.

ئەو کرێکارانە حەقدەستی مانگەکانی ڕێبەندان و ڕەشەمەی ساڵی ٩٩ و هەروەها بەشێک لە جێژنانە و پاداشتی هەمان ساڵ و حەقدەست و مەزایای مانگەکانی پووشپەڕ و گەلاوێژی ئەمساڵیان وەرنەگرتووە.

ناڕەزایەتیی ئەو کرێکارانە بۆ چەندمین جار لە ماوەی ٥ مانگدا، لە کاتێک ڕوو دەدات کە خاوەنکارەکەیان تەنیا بەڵێنی دانی پارەی دواکەوتووکەیان پێ دابوو.

ئەو کرێکارانە سەرەڕای ناڕەزایەتی دەربڕین ڕایانگەیاندووە؛ ئێمە باوەڕمان بە بەڵێنەکانی خاوەنکارەکەمان نییە و بە گۆڕین و لابردنی بەڕێوەبەرایەتیی ئەو کارگەیە ئەم ڕەوتە درێژەی هەیە.

کرێکارانی کارگەی ئازەرکام داوایان لە بەرپرسانی پارێزگا، فەرمانداری، ئیدارەی گشتیی کار و پیشە کردووە بۆ جارێکیش بێت گوێ لە داخوازییەکانمان بگرن و پێڕاگەیشتن بە پارە دواکەوتووەکانی ئەو کرێکارانە بدەن.