کرماشان/ یادی قوربانیانی کیمیابارانی گوندی زەردە کرایەوە

15:42 - 2 گەلاوێژ 2713
ئاژانسی کوردپا: لە ٢٥ ساڵەی کیمیاباران کردنی گوندی \"زەردە\"ی سەربە شاری سەرپێڵ زەهاو لە ئوستانی کرماشان، لە رێوڕەسمێکدا یادی قورابانیانی ئەو کارەساتە بەرز راگیرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی دووشەممە رێکەوتی ٣١ی پووشپەڕ بە ئامادەبوونی رێژەیەکی بەرچاو لە هاووڵاتییانی کوردی خەڵکی گوندی \"زەردە\"ی سەربە شاری سەرپێڵ زەهاو، رێوڕەسمێک بۆ یاد و بیر ئانینی قوربانیانی کیمیابارانی کردنی ئەو گوندە و هەروەها بەرکەوتوانی ئەو چەکە کۆمەڵکوژە بەڕێوە چوو.

٣١ی پووشپەڕی ساڵی ١٣٦٧ی هەتاوی هاووڵاتییانی کوردی \"گوندی \"زەردە\"ی سەربە ئوستانی کرماشان کەوتە بەر هێرشی فڕۆکەکانی جەنگییەکانی حکوومەتی بەعسی ئێــراق و دەستبەجێ ٢٥٠ کەس لە حەشیمەتی ١٧٠٠ کەسیی گوندی زەردە گیانیان لەدەست دا.

دەگوترێـت، ژمارەی قوربانیانی ئەو چەکە رۆژ لەدوای رۆژ زیاتر دەبێت و پاش تێپەڕینی ٢٥ ساڵ، هەتا ئێستا کاریگەریی بەسەر هاووڵاتییان و ژینگەی ئەو گوندە بەرچاو دەکەوێت.

بووچان سەید مورادی تەمەن ٣٧ ساڵ و یەکێک لە بەرکەوتوانی ئەو کارەساتەی گوندی \"زەردە\" دەڵێت، \" پاش تێپەڕبوونی ٢٥ ساڵ هەتا ئێستاش هەموو رۆژێک ئەو کارەساتە لەبەر چاوم دووپات ئەبێتەوە و بەشێوەیەک کاریگەری لەسەر هاووڵاتییان بووە کە زۆربەی دانیشتوانی ئەم گوندە قوۆناخی پیری بە چاوی خۆیان نابینن.

ئەو هاووڵاتییە کوردە راشیگەیاندووە، (زیاتر لە نیوەی بنەماڵەکەی ئێمە تووشی نەخۆشیی شێرپەنجەی \"خوێن، میشک و ئێسک\" بوون، بۆیە هەموو جاریک حەز ئەکەم هەر ئەو \"بەیانییە رەشە\" کە تەمەنم ١٢ ساڵ بوو، بۆ هەتا هەتایە سەرم بنایەتەوە).

هاووڵاتییانی گوندی \"زەردە\" ئەو بەیانییەی کە گوندەکەیان کیمیاباران کرا، بە \"بەیانی رەش\" ناودێر کردووە.

تێچووی سەر سووڕهێنەری پزیشکی
سەید مورادی باسی لەوەش کردووە، نەخۆشیی \"شێرپەنجە\" لەم گوندەدا بۆتە باسێکی ئاسایی رۆژانەی هاووڵاتییان و زیاتر لە نیوەی دانیشتوانی ئەم گوندە تووشی ئەم نەخۆشییە بوون، بۆیە مردنی کتوپر رووی لەم گوندە کوردووە و بەرکەوتوانی ئەم چەکە کیمیاویە زۆر بەکەمی هاوسەرگیریی منداڵەکانیان دەبینن.

ئەو بەرکەوتووەی چەکی کیمیاوی ئاماژەی بەوەش کرد، کێشەی ئابووری تەنگی بە دانیشتوانی ئەم گوندە هەڵچنیوە، من کە تەنیا چەند سەر ئاژەڵم شک ئەبرد، بۆ تێچووی چارەسەریی نەخۆشییەکەم فرۆشتم و هەنووکە ژن و منداڵەکەم لە خراپترین دۆخی ئابووریدا ژیانی مەمرە و مەژی بەسەر دەبەن.

ناوبراو گوتووشیەتی \"من دەزانم کە دوایین رۆژەکانی تەمەنم تێپەڕ دەکەم و هیچ پاشکەوتێک بۆ بنەمالەکەم شک نابەم، بۆیە پێویستە بەرپرسان و لایەنە پەیوەندیدارەکان ئاوڕی جیددی لە هاووڵاتییانی گوندی زەردە و گوندەکانی دەوروبەری بدەنەوە.

ئاسەواری ئەو کیمیابارانە لە گوندەکانی دەوروبەری \"زەردە\"
هەروەها لە ئەنجامی ئەو کیمیا بارانەدا گوندی \"نسار دیرە\"ی نزیک لە گوندی \"زەردە\"، ١٠ بۆمبی کیمیایی بەرکەوت و سەرجەم دانیشتوانی ١٠٠٠ کەسیی ئەو گوندە بوونە قوربانیانی ئەو چەکە و هاوکات ژینگەی گوندەکەش لەناوچوو.

هەنووکە زیاتر لە ١٠٠٠ کەس لە حەشیمەتی ١٢٠٠ کەسیی ئەم گوندە بەهۆی بەرکەوتنی ئەو چەکەوە تووشی نەخۆشی و کۆمەلێک گیروگرفتی تەندروستی و جەستەیی بوون ولەماوەی ٢٥ ساڵی رابردوودا دەیان کەس بەو هۆیەوە گیانیان لەدەست داوە.

\"میرانی\" یەکێک لە ئەندامانی شۆرای گوندی \"نسار دیرە\" بە هەواڵدەریی \"ئیسنا\"ی راگەیاندووە، هەنووکە زیاتر لە ١٠٠٠ کەس لە دانیشتوانی ئەم گوندە بەرکەوتووی چەکی کیمیاوین، بەڵام هەتا ئێستا نەتەنیا ناوەندێکی دەرمانی لەو گوندەدا بۆ بەرکەوتوانی چەکی کیمیاوی بوونی نییە، بەڵکوو سەرجەم بەرکەوتوان دەبێ بۆ دەرمان و چارەسەریی پزیشکی، سەردانی شاری تاران بکەن.

ناوبراو راشیگەیاندووە، زۆربەی ئەو بەرکەوتانە تووشی نەخۆشییەکانی چاو، هەناسە، سیپەلاک، پێست و کۆمەڵێک کێشەی دیکە بوون کە بەشێوەی پێویست هیچ خزمەتگوزارییەکیان بۆ نەکراوە.

گوندی نسار دیرە لە ٢٠ کیلۆمیتریی باکووری گیلانغەرب و ٥٠ کیلۆمیتر لە سنووری ئێران و ئێراق هەڵکەوتووە.

\"14139.jpg\"