کرماشان/ هێزی ئینتزامی بەپێی گەڵاڵەیەکی بەرفراوان بەرنگاری ماهوارە دەبێتەوە

22:05 - 1 گەلاوێژ 2714
ئاژانسی کوردپا: کۆکردنەوی دیشی ماهوارە لەلایەن ناوەندە نیزامییەکانەوە لە سەرتاسەری ئوستانی کرماشاندا رەوتێکی خێراتر بە خۆیەوە دەگرێت.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، فەرماندەری هیزی ئینتزامیی ئوستانی کرماشان باسی لە \"گەلاڵەیەکی بەرفراوان\"ی کۆکردنەوەی دیشی ماهوارەی هاووڵاتییان، لە داهاتوویەکی نزیکدا، کردووە.

بە گوتەی ئەو فەرماندەرەی هێزی ئینتزامی، کڕین، فرۆشتن، بەکارهێنانی ماهوارە تاوانە و دیشی ماهوارەی ناو ماڵی هاووڵاتییان کۆ دەکرێنەوە.

مەنووچێهر ئەمانوڵڵاهی لەو بارەیەوە زانیارییەکی دیکەی بۆ رۆژنامەنووسان نەدرکاندووە، بەڵام رایگەیاندووە، لە قۆناغی یەکەمی ئەو گەڵاڵەیەدا بەرەوڕووی \"فرۆشیاران و دامەزرێنەران\"ی ماهوارە دەبنەوە.

لەماوەی رۆژانی رابردوودا لێپرسراوانی حکوومەتی لە ئوستانی کرماشان و بە تایبەت پێش‌نوێژی مزگەوتەکانی کرماشان ماهوارە و بەرنامە ماهوارەییەکانیان بە هۆکاری زیادبوونی تاوانی و تاوانکاری لە کۆمەڵگەدا لەقەڵەم داوەو داوایان کردووە بنەماڵەکان خۆیان لە ماهوارە بەدوور بگرن.

ئوستانی کرماشان لە ١٤ شارستان پێکهاتووەو زیاتر لە ٢ ملوێن کەس حەشیمەتی هەیە.

کۆکردنەوەی دیشی ماهوارە وەکوو ئەرکێکی هێزی ئینتزامی لە ئێراندا دیاری کراوەو گەلاڵەی کۆکردنەوەی ماهوارە لە کوردستاناتدا، بەهۆی کەناڵی ماهوارەیی حیزبە کوردییەکان و میدیا کوردییەکانی هەرێمی کوردستانەوە بە شێوەیەکی بەر بڵاوتر بەڕێوە دەچێت.

هاوکات ناوەندە ئەمنییەتی و نیزامییەکانیش لە رێگەی ناردنی شەپۆلەکانی پارازیتەوە ئاستەنگ بۆ وەشانی کەناڵە ماهوارەییەکان دروست دەکەن.

لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لەلایەن ناوەندە نێونەتەوەییەکانەوە وەکوو پێشێلکاری مافی هاووڵاتییان و سانسۆری ئازادی و راگەیاندن ناسێندراوە.